لە ماڵێکدا لە بەغدا دەست بەسەر 15 تۆن هۆشبەر و مادەی کیمیایی و دەرمانی قاچاخدا گیرا

31-08-2023
هێمن بابان رەحیم
وێنەی ئەو هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە
وێنەی ئەو هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانی عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان لە ماڵێکدا لە بەغدا دەستیان بەسەر 15 تۆن لە کارتێکەرە عەقڵییەکان و پێکهاتەکانی مادەی هۆشبەردا گرتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 عەقید بیلال سوبحی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هێزەکانمان توانییان لە ماڵێکدا لە بەغدا دەست بەسەر 15 تۆن لە مادەی هۆشبەر و پێکهاتە کیمیاییەکان (ئەوانەی لە پیشەسازیی دروستکردنی مادەی کریستاڵ و کپتاگۆن) بەکاردەهێندرێن گرتووە، جگە لە کۆمەڵێک دەرمانی بەقاچاخ هاوردەکراوی تۆمارنەکراو لە وەزارەتی تەندروستی."
 
هەروەها گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ماڵە لە گەڕەکی قادسیە بووە لە بەری کەرخی بەغدا کە دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای رووباری دیجلە، ئەو بەرپرسە ئەوەشی روونکردووەتەوە دوو تۆمەتبار دەستگیر کراون و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.
 
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاویکردووەتەوە، لە هەموو ژوورەکانی ئەو ماڵەدا بە سەدان کارتۆن و مادەی کیمیایی جۆراوجۆر و مادەی هۆشبەر هەبوون، کە بەشێکیان سەریان هەڵدراوەتەوە.
 
عێراق دوای ئەوەی رێڕەوێک بوو بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر و حەبی کپتاگۆن لە رێگەی وڵاتانی دراوسێوە بۆ وڵاتانی کەنداو، ئێستا بووەتە شوێنێک بۆ ساخکردنەوەی مادەی هۆشبەر و بەپێی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەی بەکارهێنەران و بازرگانانیش زۆر لە ژمارەکانی ساڵی 2003 و پێشتر زیادیانکردووە، بەتایبەت لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا.
 
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەى هۆشبەرى عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500ـیان ژن یان مێرمنداڵ بوون.
 
لیژنەى بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانى پەرلەمانى عێراق سەرقاڵی هەموارکردنەوەی هەموارکردنى یاساى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانە کە لە قۆناخى کۆتاییدایە و بەهاوکارى لەگەڵ هەردوو لیژنەى تەندروستى و ئاسایش و بەرگرى ئامادەدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە