رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، بەشێک لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو راگیراون.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەشڵێت، راگرتنی گەشتەکان بەهۆی گەشتی زیاتر لە ژمارەی رێگەپێدراو بووە.
هاوکات، دەشڵێت، سەرجەم گەشتەکانی هێڵە عێراقییەکان راگیراون و گەشتی هێڵە بیانییەکان ئاساییە.
بەهۆی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، گەشتکردنی زیاتر لە پشکی دیاریکراوی خۆی و ناڕێکی لە پلانی وەزارەتی گواستنەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق گەشتەکانی راگرت و وەزیری گواستنەوەش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمیکاران پێکهێنا.
زەهرە بەچاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە نێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوان و هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، پێویستە چاودێری هەبێت بۆ کاژێرەکانی فڕۆکەوانی و بۆ ستافی فڕۆکەوانی، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەزانێت کاژێرەکانی فڕۆکەوانییان دیاریکراوە، بۆیە پێویستە گەشتەکانی خۆی رێکبخات لەسەر بنەمای کاژێرەکانی فڕۆکەوانیی دیاریکراو بۆ ستافی فڕۆکەوانی."
پرسی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا، کێشە و سەرئێشەی لەنێوان گەشتیاران و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دروستکردووە. بەشێک لە گەشیاران لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە بۆ ماوەیەکی زۆر لە فڕۆکەخانەی بەغدا مانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ