رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی چوارشەممەوە، بڕیاری زیادکردنی 100 هەزار دینارەکەی خانەنشینان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە زیاتر لە ملیۆنێک خانەنشین دەگرێتەوە.
ماهر حوسێن رەشید، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق، شەوی دووشەممە 30-10-2023 بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ سەر مووچەی مانگانەی خانەنشینان ئەوانەی ملیۆنێک دینار و کەمتر وەردەگرن تائێستا نەگەیشتووەتە دەستەکەیان.
سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق دەڵێت، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران زیادکردنەکە لە 01-11-2023 (رۆژی چوارشەممە) دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە، داتاکان ئامادەن، هەرکاتێک بڕیار و پارەکە گەیشت، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی زیادەکە دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023، ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ملیۆنێک و 42 هەزار و 932 خانەنشین سوودمەند دەبن."
رۆژی 24ی ئۆکتۆبەری 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و لەنێویاندا زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، مانگانە 164 مليار و 293 مليۆن دينار بۆ خەرجییەکانی حکومەت زیاد دەکات، گەنجینەی گشتی 110 ملیار و 891 ملیۆن دینار لەئەستۆ دەگرێت و سندووقی خانەنشینیی گشتی پارەکەی دیکە، کە دەکاتە 53 ملیار و 401 ملیۆن و 500 هەزار دینار، لەئەستۆ دەگرێت.
لە شوباتی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنی لەبارەی خانەنشینانەوە لە عێراق دەرکرد، لەوانە دابینکردنی پارچەیەک زەوی بۆ ئەوانەی سوودمەند نەبوون و خەرجکردنی بڕی 500 هەزار دینار لە رۆژی دەست لەکارهەڵگرتنی فەرمانبەر لەدوای خانەنشینبوون و قەرەبووکردنەوەی مۆڵەتە کەڵەکەبووە وەرنەگیراوەکان لەدوای خانەنشینبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ