مالیکی و مەندەلاوی: دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردن بێگەرد بێت

31-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمى سەرۆکی پەرلەمان جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان.
 
نورى مالیکى  و موحسین مەندەلاوى رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆبوونەوە و تاوتوێى دۆخى هەڵبژاردنیان کردووە.
 
بە گوێرەی راگەیێنراوێکی نووسینگەی جێگری یەکەمى سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نووری مالیکی و موحسین مەندەلاوی، باسیان لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە و جەختیان لەسەر گرنگیی پابەندبوون کردووەتەوە بە وادە دەستوورییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان وەک "پێشاندانی ئیرادەی گەل و پارێزگاریکردن لە رێڕەوی دیموکراسیی دەوڵەت."
 
هەردوو سەرکردەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردن بێگەرد و شەفاف بێت، تاوەکو نوێنەرانێکی بەتوانا دیاریبکرێن کە بزانن سەرکردایەتیی وڵات بۆ قۆناخەکانی داهاتوو بکەن."
 
11ی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دیاری کراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.
 
مالیکی و مەندەلاوی تاوتوێی شێوازی بەهێزکردنی هاریکاری نێوان لایەنەکانیان کردووە بۆ گەرەنتی هێنانەکایەی کەشێکی هەڵبژاردنی سەقامگیر، کە رکاربەریی رەوای تێدا بکرێت بەبێ هیچ هەڵوێستێک کە کاریگەریی لەسەر متمانەی هاووڵاتییان بە پرۆسەی سیاسی بەهێز بکات.
 
بۆ ئەم هەڵبژاردنە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی لیستی دەوڵەتی یاسا و موحسین مەندەلاویش سەرۆکایەتیی لیستی ئەساس دەکات.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە