رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 31-12-2025، رایگەیاند، دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کراوەتەوە و داوا لەو کەسانە دەکات مەرجەکانیان تێدایە، لە سێ رۆژدا داواکاری پێشکێش بکەن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پاڵپشت بە یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012، یاسای رێکارەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ ئەو پۆستە رادەگەیێنین."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسانەی خوازیارن خۆیان بەربژێر بکەن، دەتوانن داواکاریی نووسراو لەگەڵ سیڤی و بەڵگەنامە فەرمییەکانیان پێشکێشی فەرمانگەی کاروباری یاسایی لە کۆشکی کۆنفرانسەکان لە بەغدا بکەن.
پێشکێشکردنی داواکارییەکان لە ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-12-2025، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، 4 و 5ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 03:00ـی دوای نیوەڕۆ دەبێت.
مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار:
- پێویستە هاووڵاتی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
- تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
- خاوەن نێوبانگی باش، شارەزایی سیاسی، دەستپاک و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
- بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو بێت.
- پێشینەی تاوانی نەبێت، بەتایبەت لەو تاوانانەی پەیوەستن بە شەرەفەوە.
- نابێت بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر رێکارێکی هاوشێوە گیرابێت.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی دیاریکردووە کە لە 5ی کانوونی دووەمی 2026 دەبێت.
لەدوای هەڵبژاردنی، سەرۆککۆمار بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ