وەزارەتی بەرگریی سووریا: لە هێرشەکەی ئەمریکا ژمارەیەک سەرباز و سڤیل کوژراون

03-02-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا، راگەیاند، لە هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سووریا، ژمارەیەک سەرباز و سڤیل کوژراون، هەروەها دەڵێت، هێرشەکە زیانی زۆری بە موڵکی گشتی و تایبەت گەیاندووە.
 
رۆژی شەممە 03-02-2024 وەزارەتی بەرگریی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای دێرەزوور لە سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە ژمارەیەک ناوچە و شار لە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنووری عێراق و سووریا.
 
لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەوی هەینی، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک سەرباز و سڤیل و برینداربوونی چەندینی دیکە، هەرورەها هێرشەکە زیانی زۆری بە موڵکی گشتی و تایبەت گەیاندووە."
 
سەرچاوەکانی حەشدی شەعبی باس لە کوژران و برینداربوونی لانیکەم 10 کەس لە پارێزگەی ئەنبار دەکەن. لە سووریاش سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران کوژراون.
 
ئەو ناوچانەی لە سووریا کرانە ئامانج، ناوچەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین بوون لە پارێزگەی کە بەوە ناسراون، گرووپی چەکداری نزیک لە ئێرانی تێدان
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بارەی ئەو ناوچانەی کراونەتە ئامانج، دەڵێت ئەو ناوچانەی کرانە ئامانج، هەمان ئەو ناوچەن کە سوپای سووریا تێیدا رووبەڕووی داعش دەبێتەوە. ئەمەش دەیسەلمێنێت، کە ئەمریکا لەگەڵ داعش دایە و کار بۆ زیندووکردنەوەی دەکات."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی بەرگریی سووریا، دەڵێت، "هێرشە داگیرکارییەکەی ئەمریکا هیچ پاساوێکی نییە، جگە لە لاوازکردنی توانای سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر."
 
وەزارەتەکەی سووریا لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی وڵات لە "تیرۆر و داگیرکاری" ئازاد دەکەن .
 
بەپێی راگەینێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هێرشەکانیی شەوی رابردوودا، کە بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا 30 خولەکیان خایاند، 85 ئامانجیان لەنێو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە، کە لە لایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، "بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" بەکارهێنراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە