رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رۆحیی درووزەکانی ئیسرائیل هۆشداری لە دۆخی مرۆیی درووزەکانی سووریا دەدات و دەڵێت، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە گەمارۆدراون و رێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان دەکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "زیاتر لە 120 هەزار کەس ئاوارەن."
شێخ موەفەق تریف، رێبەری رۆحیی پێکهاتەی درووز لە ئیسرائیل، لە گوندی جولس لە باکووری وڵاتەکە لەبارەی دۆخی درووزەکانی سووریا رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر پێکدادانە خوێناوییەکان، هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی درووزەکان ماوە و "بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراون."
بەگوتەی شێخ تریف، رێگری لە هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی دەکرێت، تەنانەت ئەو کۆمەکانەش کە ئەوان لە ئیسرائیلەوە هەوڵی ناردنی دەدەن. دەشڵێت: "زیاتر لە 120 هەزار کەس ئاوارە بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، 38 گوند دەستیان بەسەردا گیراوە و زیاتر لە 300 کەسیش کە ژن و منداڵیان تێدایە، بە دیل گیراون."
لە گوندی جولیس، پێکهاتەی درووزی ئیسرائیل "ژوورێکی فریاگوزارییان" بۆ هەماهەنگی و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ درووزەکانی سووریا پێکهێناوە. لەوێ ئاڵاکانی ئیسرائیل و درووزەکان لە تەنیشت یەک دانراون و پۆستەر بە زمانەکانی عیبری و عەرەبی بۆ پشتگیریکردنی درووزەکانی سووریا دەبینرێن.
تەممووزی ساڵی رابردوو، پێکدادانی سەخت لە باشووری سووریا لە نێوان چەکدارە درووزەکان و هۆزە بەدەوییەکان روویدا. بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەو شەڕانەدا زیاتر لە 2000 کەس کوژراون، کە 789یان هاووڵاتیی سڤیلی درووز بوون.
رێبەری رۆحیی درووزەکان رەخنەی تووند لە هێزەکانی حکومەتی سووریا دەگرێت و بە "جیهادی و ئەندامی داعش" ناویان دەبات؛ دەشڵێت: "درووزەکان پێویستیان بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەت نییە و دەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بەڵام حکومەت رێگری لە گەیشتنی سووتەمەنی و پێداویستییەکان دەکات لەم زستانە سەختەدا."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئیسرائیل و سووریا، بە نێوەندگیریی ئەمریکا چەند خولێکی گفتوگۆی راستەوخۆیان کردووە. یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکە ئەگەری رێگەدانە بە درووزەکانی سووریا بۆ ئەوەی وەک کرێکاری رۆژانە لە ناو ئیسرائیل کار بکەن.
شێخ تریف پشتگیریی ئەو هەنگاوە دەکات و دەڵێت: "دۆخی ئابووری لە سووریا زۆر سەختە." هەروەها داوای کرد رێگە بە درووزەکان بدرێت سەردانی شوێنە پیرۆزە ئایینییەکانیان لە سووریا، لوبنان و ئیسرائیل بکەن، هاوشێوەی پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ