رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەبارەی "تێکچوونی خێرای دۆخی بژێوی و ئابووری لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پرسی نانی خەڵک، ئاسایشی خۆراک و تەندروستی لە پێشینەی کارە نیشتمانییەکانە و چیدی قابیلی دواخستن و پشتگوێخستن نییە.
لە راگەیێندراوەکەی مەسەدە دا هاتووە، "ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییە فراوانەی لە ناوچەکان دەبینرێت، رەوایە و گوزارشت لە مەینەتیی رۆژانەی خەڵک دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان."
"گرانیی ئێستا لە مێژووی سووریادا نەبووە"
مەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، خراپیی دۆخی مرۆیی و بژێوی لە کۆبانی، دێرەزوور و رەققەوە تاوەکو دەگاتە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب و دیمەشقی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، "ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ قووڵیی قەیرانەکە کە هەڕەشە لە سەقامگیریی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەرزبوونەوەی نرخەکان، دابەزینی توانای کڕین، بێکاری و هەژاری گەیشتووەتە ئاستێک کە لە مێژووی وڵاتەکەدا وێنەی نەبووە."
مەسەدە رەخنەی تووند لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی حکومەت دەگرێت و دەڵێت، "بەستنی جووڵەی ئابووری، سەپاندنی گەمارۆ بەسەر هەندێک ناوچەدا، نەبوونی پلانی فریاگوزاری و چاودێری نەکردنی نرخەکان، لەپاڵ گرانکردنی نان، کارەبا و سووتەمەنی، بێئومێدییەکی زۆری لای هاووڵاتییان دروستکردووە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات داوا لە حکومەتی کاتی و هەموو لایەنە جێبەجێکارەکان دەکات، راستەوخۆ دەست بە داڕشتنی پلانی رزگارکردنی ئابووری بکەن کە ئامانجی یەکەمی پاراستنی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکان بێت بە نرخێکی گونجاو.
مەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی راستەقینەی قەیرانی بژێوی پێویستی بە هاوکارییەکی نیشتمانیی فراوان و ئیرادەیەکی سیاسیی جیدی هەیە، کە بەرژەوەندی و کەرامەتی هاووڵاتییان بخاتە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکەوە.
هەروەها بانگەواز ئاراستەی هەموو هێزە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات بۆ کارکردنی پێکەوەیی بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە سەختە. "رزگارکردنی مرۆڤی سووری لە مەینەتییەکانی بژێوی، بنەمای هەر رێڕۆیەکی سیاسیی داهاتووە بۆ بونیاتنانی سووریایەکی ئازاد، سەقامگیر و دادپەروەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ