رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتێکی میدیایی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلان دادەنێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا سەرجەم هێزەکانی لە سووریا بکێشێتەوە، کە ژمارەیان نزیکەی هەزار سەربازە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، واشنتن بڕیاریداوە کۆتایی بە بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا بهێنێت. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە حکومەتی دیمەشق توانیویەتی زۆرینەی خاکی وڵاتەکە کۆنترۆڵ بکاتەوە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ش بەڵێنیانداوە ببنە بەشێک لە دەوڵەتی سووریا.
ئەم بڕیارەی واشنتن تەنیا قسە نییە، بەڵکو لەسەر زەوی هەنگاوی بۆ نراوە. هەفتەی رابردوو سوپای ئەمریکا بنکەکانی "تەنەف" و "شەدادی" چۆڵکرد، کە دوو بنکەی ستراتیژیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوون بۆ شەڕی دژی داعش.
هاوکات لەگەڵ پلانی کشانەوەکە، ئەمریکا پرۆسەیەکی فراوانی گواستنەوەی چەکدارانی داعشی لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق دەستپێکرد.
کشانەوە لە سووریا بە واتای هێوربوونەوەی ناوچەکە نایەت؛ بەپێچەوانەوە، ئەمریکا هێزێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکردووەتەوە. بەرپرسانی واشنتن هۆشداری دەدەنە تاران کە ئەگەر مەرجەکانیان قبووڵ نەکات، رووبەڕووی هێرشی سەربازی دەبێتەوە.
میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، سوپای وڵاتەکە هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە هێرشبکاتە سەر ئێران، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە و تاوەکو ئێستا واژۆی لەسەر نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ