گوتەبێژێکی سەرۆکایەتیی سووریا: بەربەستەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق و ئاسایشی شارە کوردییەکان لادەبردرێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا کە سەرپەرشتیی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا دەکات، دەڵێ، هەموو بەربەستەکانی نێوان هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی خۆسەر لەگەڵ هێزەکانی سەر بە دیمەشق لادەبرێن و دوای تەواوبوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، قەوارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کانتۆن و هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر نامێنن.
 
رۆژی هەینی، 4ی نیسانی 2026، ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم لەگەڵ هەسەدە، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا باسی لەوە کرد، ئەو رێککەوتنەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا کرابوو، جێبەجێکردنەکەی بەرەوپێشچوونی بەخۆوەوە بینیوە.
 
رێککەوتنی 29 لەسەر 30ی کانوونی دووەم، کە دوای پێشڕەوییەکانی حکومەت و پێکدادانەکانی سەرەتای ساڵی 2026 هاتە ئاراوە، چەندین خاڵ لەخۆدەگرێ، لەوانە ئاگربەست، تێکەڵکردنی قۆناخ بە قۆناخی سەربازی و کارگێڕیی هێز و دامەزراوەکانی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، بڵاوەپێکردنی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە حەسەکە و قامشلۆ، رادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و ئەو زیندانانەی چەکدارانی دەستبەسەرکراوی داعشیان تێدایە بە دیمەشق.
 
هیلالی گوتی، ئامانجی پرۆسەکە یەکگرتنەوەی تەواوەتییە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و گوتی: "هیچ ئیدارەیەکی خۆسەر، کانتۆن، ئاسایش یان هیچ شتێکی لەو جۆرە نامێنێت؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە خاڵە پشکنینە هاوبەشەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت و ئاسایش نامێنن و ئاسایش رێنمایی پێدراوە کە هیچ دەستگیرکردنێک ئەنجام نەدات، چونکە ئێستا پرسە ئەمنییەکان تەنیا لە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.
 
حکومەت پێنج زیندانی داخستووە کە پێشتر لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبران و بڕیارە بەمزووانە کۆنترۆڵی زیندانەکانی دیکەش لەو ناوچانە بگرێتە دەست. هیلالی ئەم دۆسیانەی بە "مرۆیی، نەک سیاسی" ناوبرد.
هەروەها پلانی پێداچوونەوە بە کەیسی ئەو دادوەرانەی راگەیاند کە لە دەسەڵاتی پێشووی بەشار ئەسەد جیابوونەتەوە و ئێستا لە ناوچەکانی هەسەدەدان، ئەوەش بە مەبەستی تێکەڵکردنیان بە وەزارەتی داد.
 
لە کاتێکدا تێکەڵکردنی سەربازی بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت — چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی 4 هەزار و 500 شەڕڤانی هەسەدە پەیوەندی بە یەکەکانی سوپاوە بەتایبەت فیرقەی 60 بکەن — بەڵام هیلالی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکگرتنی دامەزراوە سڤیلەکان رووبەڕووی دواکەوتنی بەرچاو بووەتەوە. حکومەت بەمزووانە لەرێگەی وەزارەتی ناوخۆوە دەرگای دامەزراندن بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە دەکاتەوە.
 
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی حکومەت لە ناوچە کوردنشینەکان بڵاوبوونەتەوە، لە کاتێکدا شەڕڤانان لە هێڵەکانی پێشەوە کشاونەتەوە و هەندێک هەنگاوی کارگێڕیی ناوخۆییش دەستیپێکردووە، هەرچەندە جێبەجێکردنی تەواوەتی دوای زیاتر لە دوو مانگ هێشتا بە قۆناخ بەڕێوەدەچێت.
 
ئەم لێدوانانەی هیلالی لە کاتێکدان، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی لایەنە مرۆییەکان بەردەوامن، لەنێویاندا گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان. میدیاکانی سووریا بڵاویانکردەوە کە تیمەکەی هیلالی سەرپەرشتیی گەڕانەوەی کاروانێکی دیکەی نزیکەی 200 خێزانی عەفرین دەکات کە لە قامشلۆوە دەڕۆن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی کە ئاوارەکان تێیاندا نیشتەجێ بوون پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن.
 
رێککەوتنی کانوونی دووەم دوای زنجیرەیەک ئاگربەست و پێشڕەویی سەربازیی حکومەت هات کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەی کەمکردەوە و هاوسەنگیی هێزی لە قازانجی دیمەشقدا گۆڕی. 

 

لە هەمان کاتدا دیمەشق چەند فەرمانێکی سەرۆکایەتی راگەیاندووە بۆ داننان بە ناسنامە و مافەکانی کورد. 
 
لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەنێویاندا ئەمریکا، پێشوازییان لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق کردووە وەک هەنگاوێک بەرەو یەکپارچەیی سووریا.
 
جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕی زیندانیان و ئازادکردنی لەخۆگرتووە، لەگەڵ هاوئاهەنگیی هەردوولا بۆ ئاسایشی پارێزگای حەسەکە. هەرچەندە ئاڵنگارییەکان ماون، بەتایبەتی لە یەکگرتنی تەواوەتیی دەزگا سڤیلەکان و دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی بێ کێشەی دەربەدەربووان، بەڵام هیلالی ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی بەردەوام کرد لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنیدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە