رووداو دیجیتاڵ
سوپای سووریا دەڵێ، هێرشێکی "بەرفراوان"ی درۆنی کراوەتە سەر بنکەکانیان لە نزیک سنووری عێراق، کە بە گەورەترین رووداوی لەو شێوەیە دادەنرێ لەوەتەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستیپێکردووە.
سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ[دووشەممە 30ی ئادار] هێرشێکی بەرفراوان لەرێگەی ژمارەیەک درۆنەوە کرایە سەر چەند بنکەیەکی سوپا لە نزیک سنووری عێراق،" ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆربەی درۆنەکان خراونەتە خوارەوە.
سوپاکە دەڵێت: "تاوتوێی بژاردەکانمان دەکەین و بە شێوەیەکی گونجاو وەڵام دەدەینەوە بۆ لەنێوبردنی هەر هەڕەشەیەک و رێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆسەر خاکی سووریا."
رۆژی یەکشەممە، سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە رایگەیاند، 4 درۆن لە عێراقەوە ئاراستەی بنکەیەکی ئەمریکا لە ناوچەی قەسرەک کراون، بەڵام تێکشکێندراون.
هێشتا بە روونی دیار نییە کێ هێرشەکانی کردووە، بەڵام ئەگەرێکی بەهێز هەیە گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە نێو عێراق لەپشت هێرشەکانەوە بن.
سیپان حەمۆ لەم بارەیەوە گوتی، "عێراق بە بەرپرسیار دەزانین و داوای لێ دەکەین رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانەی کە هەڕەشە لە سەقامگیریمان دەکەن."
رۆژێک پێشتر، سوپای سووریا رایگەیاند، هێرشێکی دیکەی درۆنییان لە عێراقەوە تێکشکاندووە کە ئاراستەی بنکەی تەنف کرابوو کە پێشتر هێزەکانی ئەمریکای تێدا بوو.
هەفتەی رابردووش بنکەیەکی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج. بەرپرسێکی عێراقی رایگەیاند، گرووپێکی عێراقی لەپشت هێرشەکەوە بووە و 4 کەسیش بەو هۆیەوە دەستگیرکراون.
لە چەند مانگی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی تەنەف و شەدادی لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کشاونەتەوە و دەستیان بە کشانەوە لە بنکەی قەسرەکیش کردووە کە دەکەوێتە هەمان پارێزگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ