رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە پەیمانگەی شاهانەی بەریتانیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی "چاتام هاوس" لە لەندەن، نەخشەرێگەی وڵاتەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو راگەیاند.
شەرع جەختی کردەوە کە سووریا لاپەڕەیەکی نوێی هەڵداوەتەوە و دەیەوێت ببێتە وڵاتێکی خاوەن سەروەری و دیموکراسی.
لەو دیالۆگەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەر و دیپلۆماتکاران ئامادەی بوون، ئەحمەد شەرع وەڵامی هەموو ئەو پرسیارە هەستیارانەی دایەوە کە پەیوەست بوون بە رەوشی ناوخۆ، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و رابردووی سیاسیی خۆی.
رەوشی سیاسی و رێگەی هەڵبژاردن
سەرۆک شەرع رایگەیاند، سووریا قۆناخی گواستنەوەی دەستپێکردووە و هەنگاوەکان بەرەو هەڵبژاردنێکی ئازاد دەڕۆن. گوتیشی: "ئێمە دیالۆگی نیشتمانیمان ئەنجامداوە کە راسپاردەی گرنگی لێکەوتەوە، لەوانە راگەیاندنی دەستووری. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل بەڕێوەچوو و مانگی داهاتوو یەکەمین کۆبوونەوەی دەکات. لە کۆتایی قۆناخی گواستنەوەشدا، کە 5 ساڵ دیاری کراوە، هەڵبژاردنێکی گشتی و ئازاد لە سووریا ئەنجام دەدەین."
چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت
سەبارەت بە پرسی ئاسایش و سەروەریی وڵات، ئەحمەد شەرع رایگەیاند: "لەو رۆژەوەی گەیشتووینەتە دیمەشق، ئەرکی سەرەکیمان چەسپاندنی سەروەریی یاسا بووە. رێگە نادەین چەک لە دەرەوەی دەستی دەوڵەتدا بێت. نابێت لە سووریا دەستە و گرووپی چەکدار هەبن و هەر لایەنە و بە ئارەزووی خۆی ناوچەیەک بەڕێوە ببات؛ وڵاتێکی ئاوا بۆ ژیان نابێت."
رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە و رەخنە لە "هەڵسەنگاندنی هەڵە"
ئەحمەد شەرع تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گوتی: "رێککەوتنی تێکەڵکردنی هەسەدە لەناو دەوڵەتدا بە باشی دەڕوات. یەکەم رێککەوتنمان لە 10ی ئاداری 2024 ئەنجامدا، بەڵام هەسەدە لە جێبەجێکردنیدا سستی کرد و هەڵسەنگاندنی هەڵەی کرد. ئەوان شەرعیەتێکی کاتییان بۆ شەڕی داعش هەبوو، بەڵام ئێستا دەوڵەت خاوەنی شەرعیەتی نیشتمانییە و ئەرکی شەڕی داعشی گرتووەتە ئەستۆ. ئێمە رێککەوتنی 29ی 1مان هەیە بۆ تێکەڵکردنیان لەناو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا."
هێرشی تووند بۆ سەر ئێران و حیزبوڵڵا
ئەحمەد شەرع رەخنەی تووندی لە رۆڵی ئێران گرت لە سووریا و رایگەیاند: "دەستوەردانی ئێران لە 40 ساڵی رابردوودا یارمەتی رژێمی پێشووی دا بۆ کوشتن و ئاوارەکردنی ملیۆنان سووری."
گوتیشی: "کێشەی ئێمە لەگەڵ ئێران لە تاران نییە، بەڵکو لە دیمەشقە، چونکە ئەوان خاکەکەیان داگیرکردبوو."
سەبارەت بە حزبوڵڵاش گوتی: "سووریا باجی دەستوەردانی حیزبوڵڵای داوە، ئێمە رژدبووین کە ململانێکان نەگەنە ناو خاکی لوبنان و ئەرکی ئێمەشە سنوورەکانمان بپارێزین."
دیپلۆماسیی "کۆشکی سپی و کرێملن"
سەرۆکی کاتیی سووریا، چالاکیی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی بەرز نرخاند و گوتی: "ئەوەی کە رۆژێک لە کۆشکی سپی بیت و رۆژێکی دیکە لە کرێملن، نیشانەی زیندوویی دیپلۆماسییە."
گوتیشی: "ئێمە پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ رووسیا هەیە و هەوڵ دەدەین بنکە سەربازییەکانیان بکەینە ناوەندی مەشق بۆ سوپای سووریا."
لەبارەی ئیسرائیلیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل مامەڵەیەکی نەرێنی لەگەڵ سووریا کردووە و لە دوایین ساتدا رای خۆیان گۆڕیوە.
پرسی پەناخوازان و گەڕانەوەیان بۆ سووریا
ئەحمەد شەرع سوپاسی وڵاتانی ئەورووپای کرد بۆ داڵدەدانی پەناخوازان و رایگەیاند، کار بۆ ئاوەدانکردنەوە و رەخساندنی هەلی کار دەکەن تاوەکو پەناخوازان بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.
هەروەها جەختی لە پرسی "دادپەروەریی گواستنەوە" کردەوە وەک بنەمایەک بۆ لێپرسینەوە لەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە.
روونکردنەوە لەسەر رابردوو و قاعیدە
کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ قاعیدە، شەرع بە راشکاوی وەڵامی دایەوە: "ئەو قۆناخە بەهۆی بارودۆخێکی مێژوویی ئاڵۆزەوە بوو کە وایکرد خەڵکێکی زۆر بەو رێگەیەدا بڕۆن. من هەر زوو درکم بەوە کرد کە ئەو سیاسەتانە خزمەت بە گەلی سووریا ناکەن، بۆیە جێمهێشتن و رێگەی دیپلۆماسی و بونیادنانی دەوڵەتم هەڵبژارد و باجەکەشم دا. ئەگەر قەناعەتم پێیان بوایە، بەردەوام دەبووم."
ژیانی تایبەتی
لە کۆتایی دیدارەکەدا، ئەحمەد شەرع زانیارییەکی راستکردەوە و رایگەیاند، ئەو باوکی دوو کوڕ و کچێکە، نەک دوو کچ. هەروەها گوتیشی، ئاواتەخواز نییە منداڵەکانی بچنە ناو کاری سیاسییەوە، چونکە بەرپرسیارێتییەکی زۆر قورسە.
بەم دەرکەوتنە، ئەحمەد شەرع پەیامێکی روونی ئاراستەی جیهان کرد، کە سووریا دەیەوێت لە جەنگ دوور بکەوێتەوە و بەرەو بونیادنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی و هاوچەرخ هەنگاو بنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ