هێلیکۆپتەری رووسیا لە منبج دەسووڕێتەوە و مۆسکۆ هۆشداری دەداتە ئەنقەرە

03-06-2022
لهۆن نەسرەدین
مۆسکۆ هۆشداری دەداتە تورکیا لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا
مۆسکۆ هۆشداری دەداتە تورکیا لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە سووریا رایگەیاند، پێویستە ئەنقەرە خۆی بەدوور بگرێت لەو کارانەی، کە دۆخی سووریا تێکدەدەن.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، هێلیکۆپتەری رووسیان، بە ئاسمانی ناوچەی منبجی باکووری سووریا دەسووڕێنەوە. ئەوەش لەدوای هەڕەشەکانی تورکیا بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باکووری سووریا کە ئەردۆغان لەبەردەم پەرلەمانتارانی حیزبەکەی رایگەیاندبوو.
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت: "ئومێدەوارین ئەنقەرە خۆی بەدوور بگرێت لەو کارانەی، کە دەکرێت ببنە هۆی تێکچوونێکی مەترسیداری ئەو دۆخە هەستیار و زەحمەتەی کە تائێستا لە سووریادا هەیە. جووڵەیەکی لەو جۆرە، بێ هەبوونی رەزامەندیی حکومەتی رەوای کۆماری عەرەبی سووریا، بریتی دەبێت لە پێشێلکارییەکی راستەوخۆی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە سووریادا".
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، "ئێمە دەچینە نێو قۆناخێكی نوێی تایبەت بە دامەزراندنی زۆنێكی ئاسایش بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بەدرێژایی سنووری باشوورمان. تەلرەفعەت و منبج لە تیرۆریستان پاکدەکەینەوە".
 
تورکیا نیازی هەیە بەم ئۆپەراسیۆنە چاوەڕێکراوەی، جەرابلوس بە منبج ببەستێتەوە؛ هەروەها عەفرین بە تەلرەفعەت گرێبدات.
 
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە- لە تویتەر نووسی: "ئێمە لە هەڕەشە نوێیەکانی تورکیا نیگەرانین کە مەترسیی گەورە دەخەنە سەر باکووری سووریا. هەر هێرشێک بکرێت، سوورییەکان دابەشدەکات، قەیرانێکی نوێی مرۆیی دروستدەکات و دانیشتووە رەسەنەکان و ئاوارەکانیش ئاوارە دەکات. گرژیی نوێ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەڵمەتی دژی داعش دەبێت".
 
پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدایە ئەنقەرە و رایگەیاند، "ئەو نیگەرانییەی کە ئێمە هەمانە لەوەدایە کە هەر هێرشێكی نوێ لەوانەیە سەقامگیریی ناوچەکە لەناوبەرێت و دەرفەتیش دەداتە خراپەکاران بە سوودی خۆیان بیقۆزنەوە، ئێمە بەشێوەیەکی کاریگەرانە لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەردەوامین لە شەڕی دژ بە داعش لە سووریا و نامانەوێت هیچ شتێک ببینین هەڕەشە لەو هەوڵانە بکات کە دراون بۆ هێشتنەوەی داعش لەو سندووقەی کە تێی کراوە".
 
قەڵخانی فورات، چڵە زەیتوون و کانی ئاشتی، 3 ئۆپەراسیۆنی سەربازین کە تورکیا لە 2016، 2018 و 2019 دژ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوا و باکووری سووریا ئەنجامیداون و شار و ناوچەکانی جەرابلوس، عەفرین و سەری کانی و گرێ سپی و چەندین ناوچەی دیکەی دەوروبەریانی، داگیرکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

سەرچاوەیەکی قامشلۆ بۆ رووداو: مەزڵووم عەبدی دەچێتە دیمەشق

سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا، دەچێتە دیمەشق.