راوێژکارێکی ئەحمەد شەرع: بژاردەکان لەگەڵ هەسەدە کەمبوونەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکی سووریا دەڵێ، بژاردەکان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کەمبوونەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت هەسەدە بەرپرسیارێتیی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار لەئەستۆ بگرێ.
 
ئەمڕۆ هەینی، 26ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد موەفەق زێدان، راوێژکاری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ کاروباری میدیایی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "بژاردەکان لەگەڵ هەسەدە کەمبوونەتەوە. دەبێت ئەو هێزە بەرپرسیارێتیی جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنە لە ئەستۆ بگرێ کە لە 10ی ئاداری رابردوودا واژۆی کرد."
 
ئەو راوێژکارەی ئەحمەد شەرع ئاماژە بەوە دەکات: "هەمووان دەبینن لە ناوخۆدا پشتیوانییەکی گەورە لە سەردەمە نوێیەکە دەکرێ و ئەوەش لە ئاهەنگەکانی یەکەمین ساڵیادی سەرکەوتندا رەنگی دایەوە؛ هاوکات لەگەڵ پێشوازیی نێودەوڵەتی لە سووریای نوێ کە دروشمەکەی وەبەرهێنانی راستەقینە لە بنیاتنان و گەشەپێدانە."
 
ئەم قسانەی ئەحمەد زێدان لەکاتێکدایە، رۆژی 24ی ئەم مانگە، مەزڵووم عەبدی، لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا کە لە کۆبوونەوەی دەستەی راوێژکاریی لیژنەی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق لە شاری تەبقە پێشکێشی کرد، گوتی: "گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا بگونجێت."
 
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشکەوتن لە دروستکردنی دیدگەیەکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق هەیە سەبارەت بە دەروازەکان، سنوورەکان و سامانە سرووشتییەکان.
 
ئەمڕۆ هەینیش یاسر سلێمان، گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دێرەزوور بە رووداوی گوت، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دیمەشق تەنیا تیۆری نین و هەنگاوی کردەییان بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی ناوە.
 
سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵکردنەوەی بە سوپای سووریا، یاسر سلێمان رایگەیاند: "بابەتی سوپا پەیوەندی بە یەکپارچەیی سووریاوە هەیە و دوو سوپا لە سووریادا نابێت، بەڵکو یەک سوپا دەبێ بە پێکهاتەی جۆراوجۆرەوە."
 
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، وردەکاریی تێکەڵبوونەکە و سرووشتی پێکهاتە سەربازییەکان بۆ لیژنە تایبەتمەندە سەربازییەکانی هەردوولا جێهێڵدراوە و گوتی: "هەموو ئەوەی روودەدات لە چوارچێوەی یەک سوپا و یەک دامەزراوەی سەربازیدایە."
 
رۆژی 10ـی ئازاری 2025، رێککەوتننامەیەکی 8 خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە