مەرجەعی عەلەوییەکان بۆ حکومەتی سووریا: تاوەکو سبەی ئێوارە دەوەستین بۆ دیاریکردنی چارەنووسمان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەرجەعی باڵای عەلەوییەکانی سووریا دەڵێت: "بە بەرچاوی جیهانەوە بە سیستماتیک شەڕی قڕکردنمان دەکرێت." 
 
شێخ غەزال غەزال، مەرجەعی باڵای عەلەوییەکانی سووریا، ئەمڕۆ شەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەوەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین، رووداوێکی ئاسایی نییە و پشێوییەکی بێسەروبەر نییە، بەڵکو شەڕێکی قڕکردنی سیستماتیکە بە بەرچاوی جیهانەوە."
 
"تیرۆر دەکرێین و ژنەکانمان دەڕفێنرێن"
 
شێخ غەزال غەزال دەڵێت: "ئەم دەسەڵاتە [حکومەتی ئێستای سووریا] هیچ جۆرە تاوانێک نەماوە کە بەرامبەرمانی نەکردبێت؛ لە پەرستگەدا دەکوژرێین، لە ماڵەکانماندا سەردەبڕدرێین، لە کار و کەسابەتماندا تیرۆر دەکرێین، تەنیا لەبەر ئەوەی هەوڵ دەدەین نان بۆ منداڵەکانمان پەیدا بکەین. پیاوەکانمان راپێچی زیندانەکان دەکرێن و ژنەکانمان بێ هیچ رێگرییەک دەڕفێندرێن."
 
بە گوتەی غەزال غەزال، ئەوەی روودەدات ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکان نییە، "بەڵکو نموونەیەکە لەوەی نازییەکان دژی جووەکان کردی؛ کوشتنە لەسەر ناسنامە، کە ئامانجی شکاندنی ئیرادە و سەپاندنی تەسلیمبوونە بە زەبری هێز."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەمە سیاسەتێکی قێزەونە بە زۆر بەرەو تووندوتیژیمان دەبات، بۆ ئەوەی جیاوازیی نێوان ستەمکار و ستەملێکراو ون ببێت، تاوەکو مەزڵوومییەت بشێوێندرێت و بکرێتە تاوان، بۆ ئەوەی خوێنی رژاو وەک سووتەمەنی بۆ کۆمەڵکوژی نوێ بەکاربهێنرێت."
 
"مێژووی دەینووسێتەوە کە جیهان بەرامبەر لافاوی خوێن بێدەنگی هەڵبژارد"
 
مەرجەعی باڵای عەلەوییەکانی سووریا، روو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و داوا لە بڕیار بەدەستان دەکات: "بێدەنگی بەرامبەر ئەم تاوانانە تەنیا بە واتای کوشتنی زیاتر و داڕمانی زیاتر دێت. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بێ جێبەجێکردنی چارەسەری ریشەیی و راستەقینە و خێرا، بێ سەپاندنی پاراستنی نێودەوڵەتی، تەنیا دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی ئەو وێرانکارییەی کە ئەوان مەبەستیانە."
 
دەشڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات دەبێتە کارەساتێکی گەورەیە و مێژوو دەینووسێتەوە کە جیهان بێدەنگی و پشتگوێخستنی هەڵبژارد بەرامبەر ئەم هەموو تیرۆرە و چاوپۆشی کرد لەم لافاوی خوێنە."
 
شێخ غەزال غەزال روو لە عەلەوەییەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەی عەلەوییەکان، ئەی رۆڵەکانی ویلایەت، ئێمە بێدەنگ نین کە بترسین، ترسیشمان بەسەردا ناسەپێنرێت. ئێمە تووڕەی کەرامەتین کاتێک دەڕووشێت، ئێمە گڕکانی حەقین کە ئەگەر بتەقێتەوە دانامرکێتەوە. یان دەبێت لەسەر ئەم خاکە وەک رەگێکی لە ریشە نەهاتوو بین، یانیش هەر نابێت ببین."
 
"تەرمی ئێمە پرد نییە بۆ خەونەکانی ئەوان"
 
مەرجەعی باڵای عەلەوییەکانی سووریا پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە "سەر نەوی ناکەن بۆ دواخستنی ئەو مافی چارەی خۆنووسینەی کە بە خوێنی شەهیدەکانیان کێشراوە." ئاماژە بەوەش دەکات: "پڕۆژەکانی ئەوان بەسەر تەرمەکانماندا تێناپەڕن، چونکە تەرمی ئێمە پرد نییە بۆ خەونەکانی ئەوان. رق و کینەی ئەوان تەنیا شکستی خۆیانی لێ دەکەوێتەوە بە ئاشتییەکی پڕ لە کەرامەت و خۆڕاگری."
 
"شەڕی نێوخۆمان ناوێ"
 
شێخ غەزال غەزال دڵنیایی دەدات و دەڵێ: "سبەی هاوکێشەکانیان سەرەوژێر دەبن و بە جیهانی نیشان دەدەین کە ناتوانرێت سووکایەتی بە پێکهاتەی عەلەوی بکرێت یان پەراوێز بخرێت. سبەی لافاوێکی مرۆیی ئاشتییانە دەبێت کە گۆڕەپانەکان پڕ دەکاتەوە. داوا لە هەموو ئازاد و پاکێکی پێکهاتەکانی دیکەش دەکەین کە لەگەڵمان بوەستن و پشتگیری داواکارییەکانمان بکەن."
 
دەشڵێت: "ئێمە شەڕی ناوخۆمان ناوێت، جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە؛ شەڕی ناوخۆمان ناوێت، ئێمە فیدڕاڵییەتێکی سیاسیمان دەوێت. ئێمە تیرۆری ئێوەمان ناوێت، مافی خۆمانمان دەوێت لە دیاریکردنی چارەنووسماندا. وادەی ئێمە سبەیە، لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ تاوەکو 5:00ی ئێوارە، یەکشەممە 28ی کانوونی یەکەم."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزەکانی سەر بە دیمەشق جووڵەیان بە زرێپۆش کرد

هەسەدە: لە حەلەب بە مووشەک هێرشکرایە سەر بازگەیەکمان

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، رۆژی هەینی یەکێک لە بازگەکانیان لە نزیک گۆڕەپانی شێحان لە حەلەب بە ئاڕ پی جی کراوەتە ئامانج. هەسەدە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و جەخت لە "دانبەخۆداگرتن" دەکاتەوە لەپێناو سەرخستنی گفتوگۆکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە.