رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای حەمای سووریا وردەکاریی کۆمەڵکوژییەکی خێزانی لە گەڕەکی 'بەیاز' بڵاودەکاتەوە، کە تێیدا پێنج کەس لەلایەن باوکی خێزانەکەوە کوژراون.
ئەمڕۆ شەممە، عەمید مولهەم شەنتووت، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەما رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی هەینی 26ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێکی دڵتەزێن لە گەڕەکی بەیاز، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هاووڵاتی.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆنی خێزانییەوە بووە. تۆمەتبارەکە ناوی (ف. ب)ـە و باوکی خێزانەکەیە، "گومان دەکرێت لەم دواییانەدا لەژێر گوشارێکی دەروونیی زۆردا بووبێت، بەڵام لێکۆڵینەوەی دادوەری بۆ دڵنیابوونەوە لەو زانیارییانە بەردەوامە."
فەرماندەی ئاسایشی حەما ئاشکرای کرد: "تۆمەتبارەکە چەکی کڵاشینکۆفی بەکارهێناوە و لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە تەقەی لە قوربانییەکان کردووە. شوێنەواری باروود لەسەر دەستەکانی ماوە و بەپێی بەڵگەکانی پزیشکی دادوەری، گوللـەکان لە هەمان ئەو چەکەوە تەقێنراون کە لە شوێنی رووداوەکەدا بووە."
هەروەها کامێراکانی چاودێریی بەردەم ماڵەکە، ساتی رووداوەکەیان تۆمار کردووە کە تێیدا دەردەکەوێت باوکەکە چەکەکەی لە ژوورێکی تەنیشتەوە هێناوە کە لێی شاردبووەوە و دواتر چووەتەوە ژوورەوە بۆ تاوانەکە.
راپۆرتی پزیشکی دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە، قوربانییەکان نزیکەی 13 کاتژمێر پێش گەیشتنی تیمە ئەمنییەکان بۆ شوێنی رووداوەکە، گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ