هەسەدە: لە حەلەب بە مووشەک هێرشکرایە سەر بازگەیەکمان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەسەدە رایدەگەیێنێت، رۆژی هەینی یەکێک لە بازگەکانیان لە نزیک گۆڕەپانی شێحان لە حەلەب بە ئاڕ پی جی کراوەتە ئامانج. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش دەڵێن، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە بەکارهێنانی چەکی قورس و تۆپخانە هێرشێکی تووند دەکەنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.
 
هەسەدە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتباردەکات و جەخت لە "دانبەخۆداگرتن" لەپێناو سەرخستنی گفتوگۆکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکاتەوە. دواتر بڵاویانکردەوە کە "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق تانک و ئامێری سەربازیی قورسیان هێناوەتە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفییە لە شاری حەلەب". 
 
لە راگەیێندراوێکدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حەلەب دەڵێن، هێرشەکە رۆژی هەینی بە دوو مووشەکی جۆری RPG-7 کراوە و ئەوانیش لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردندا "وەڵامێکی سنوورداریان" داوەتەوە. 
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حەلەب جەختیان لە پابەندبوونیان بە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە "لەڕێگەی پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان" کردوەتەوە.
 
 
دواتر هێزەکان لە راگەیێندراوێکی دیکەدا گوتی: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق تانک و ئامێری سەربازیی قورسیان هێناوەتە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفییە لە شاری حەلەب."
 
هێزەکان دەڵێن: "ئەمە هەنگاوێکی نوێی زیادبوونی گرژییەکانە و دوای ئەوە دێت کە ئەو گرووپانە بە RPG هێرشیان کردە سەر یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە بووە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ئاڵۆز لە ناوچەکەدا." 
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەو گرووپانە بە بەرپرسیاری هەر لێکەوتەیەک دەزانن کە بەهۆی ئەم دۆخەوە بێتە ئاراوە.
 

 

 
لەبارەی هەمان رووداو، عەقید محەمەد عەبدولغەنی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا لە پارێزگای حەلەب رایگەیاند: "لە پێشێلکارییەکی نوێی رێککەوتنە واژۆکراوەکاندا"، نیشانەشکێنەکانی هەسەدە کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بڵاوەیان پێکراوە "یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیان کردە ئامانج، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە رێکخستنی هاتووچۆی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوەی مەدەنییەکان."
 
ئەو فەرماندەیەی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم دەستدرێژییە بووە هۆی برینداربوونی یەکێک لە کارمەندەکان کە دەستبەجێ بۆ بنکەیەکی پزیشکی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گوێزرایەوە، هاوکات بەپێی یاسا و رێسا پەیڕەوکراوەکان، وەڵامی سەرچاوەی تەقەکان درایەوە و بێدەنگ کران."
 
فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا لە پارێزگای حەلەب دەشڵێت: "لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییانی مەدەنی کە بۆ پاراستنی سەلامەتییان لە شوێنەکانی گرژی و ئاڵۆزی دووربکەونەوە و داوایان لێدەکەن پابەندی ئەو رێنماییانە بن کە لەلایەن لایەنە فەرمییەکانەوە دەردەچن."
 
عەقید محەمەد عەبدولغەنی رایگەیاندووە: "لە کاتێکدا دەوڵەتی سووریا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هێمنی و پاراستنی مەدەنییەکان"، بەردەوامبوونی شەڕڤانانی هەسەدە "لە پێشێلکردنی ئاگربەست و دەستدرێژیکردنە سەر خاڵە ئەمنییەکان، بە گرتنەبەری رێکاری پێویست وەڵام دەدرێنەوە و ئەوان بەرپرسیارێتی تەواوی هەر دۆخێک یان دەرهاویشتەیەک لەئەستۆ دەگرن کە بەهۆی ئەم پێشێلکارییانەوە بێتە ئاراوە."
 
ئەم رووداوە چەند رۆژێک دوای پێکدادانە کوشندەکەی 22ـی کانوونی یەکەم دێت لە باکووری شارەکە کە تێیدا بەهۆی شەڕە تەقەی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هەسەدە، بەگوێرەی سەرچاوە فەرمی و پزیشکییەکان، لانی کەم دوو سڤیل گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون. لەو رووداوەدا کە لە نزیک گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە روویاندا، هەردوولا یەکدییان بە دەستپێکردنی شەڕەکە تۆمەتبارکرد.
 
دوای ئەو پێکدادانانە، رێککەوتنێکی ناسک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کرا. وەزارەتی بەرگریی سووریا فەرمانی راگرتنی بەئامانجگرتنی پێگەکانی هەسەدەی دەرکرد و هەسەدەش بەهەمان شێوە وەڵامی دایەوە.
 
گرژییەکانی حەلەب ئاماژەن بۆ بوونی کێشەی قووڵتر لەبەردەم رێککەوتنەکەی ئاداری 2025ـی نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە بە دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندی. بەهۆی بێمتمانەیی نێوان لایەنەکانەوە، بەرەوپێشچوونەکان وەستاون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە