بەرپرسێکی مەسەدە: بڕیاری ئەمریکا لەبارەی چەکدارانی بیانی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە

03-06-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
بەسام ئیسحاق، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرایەتیی مەسەدە لە واشنتن
بەسام ئیسحاق، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرایەتیی مەسەدە لە واشنتن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لە نوێنەرایەتی واشنتن، بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی تێکەڵکردنی چەکدارانی بیانی بۆ نێو سوپای سووریا بە "هەژەند" وەسف دەکات و دەڵێت، ئەو چەکدارانە وەکو گرووپ تێکەڵ بە سوپا دەکرێن و ئەوان لەگەڵ ئەو بڕیارە نین.
 
بەسام ئیسحاق، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرایەتیی مەسەدە لە واشنتن، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رەخنەی لە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ تێکەڵکردنی چەکدارانی بیانی لە نێو سوپای سووریا گرت: "لێدوانەکەی نوێنەری ئەمریکا بۆ ئێمە هەژەند بوو، هەڵوێستێکی جیاوازە لە هەڵوێستی پێشووی ئەمریکا، کە داوای دەکرد چەکدارە بیانییەکان لە سووریا دەربکرێن، ئێمە لەگەڵ ئەوەدابووین، کە چەکدارە بیانییەکان لە سووریا دەربکرێن." 
 
رۆژی دووشەممە، تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندی لەسەر پلانێکی حکومەتی سووریا دەربڕیوە بۆ تێکەڵکردنی چەکدارە بیانییەکان بۆ نێو سوپای نوێی سووریا، بەرپرسانی سووریاش رایانگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە هاوکار دەبێت کە ئەو چەکدارانە پەیوەندی نەکەن بە گرووپە چەکدارەکانی وەکو داعش و قاعیدە. 
 
بەسام ئیسحاق ئاماژە بە بیانووی ئەمریکا بۆ رێگەپێدان بەو پلانەی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع دەکات و دەڵێت، "بەپێی تێڕوانینی ئەمریکا باشترە چەکدارانی بیانی پەیوەندی بە سوپای نوێی سووریا بکەن، لە جیاتی ئەوەی بچنە نێو داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە بە تیرۆرست ناسێنراون، هەروەها ئەوەشیان قبووڵکردووە کە وەکو گرووپ تێکەڵ بە سوپا بکرێن نەک تاکە کەس."
 
بەپێی پلانەکەی حکومەتی سووریا، نزیکەی 3500 چەکداری بیانی کە لە شەڕی 14 ساڵەی سووریا لە دژی هێزەکانی حکومەتی پێشووی سووریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد شەڕیان کردووە، تێکەڵ بە سوپای نوێی سووریا دەکەن و وەزارەتی بەرگری سەرپەرشتی ئەو کارە دەکات. 
 
بەسام ئیسحاق پێچەوانەی ئەمریکا رەخنە لەو پلانەی حکومەتی سووریا دەگرێت و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو گرووپانە خاوەن ئایدۆلۆژیای تووندڕەون و دەڵێت: "بۆچوونمان وایە کە ئەوان نابێت لە نێو سوپای سووریادا بن، چونکە ئەوان سووریایی نین، ئایدۆلۆژیای ئەوان لەگەڵ ئەوە ناگونجێت کە سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو هەبێت، خاوەن ئایدۆلۆژیاکەیان ئاینی و تووندڕەون."
 
ئەو بەرپرسەی مەسەدە جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆیان دەکاتەوە بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە وەکو بەشێکی یەکگرتوو لەگەڵ سوپای سووریا و گوتی: "ئێمە دەخوازین هەسەدە بەشێک بێت لە سوپای سووریا، بەڵام وەکو بەشێکی یەکگرتوو نەک هەڵوەشاوە."  
 
لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی بەرێوەبەڕایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی سووریا بەسام ئیسحاق گوتی: "شاندەکان لەبارەی پرسە تەکنیکییەکان کۆدەبنەوە، کە هەندێ وردەکاری تێدایە و لەبارەی ئەو خاڵانەی لە رێککەوتنەکەدا هاتوون، وەکو تاقیکردنەوەی قوتابیان و پرسی دیکەی ئەمنی و تێکەڵکردنی دەزگاکانی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دەزگاکانی دەوڵەت و رادەستکردنی چەندین دەزگای حکومەتی پێشوو بە حکومەتی ئێستا، کە بریارە تا کۆتایی ساڵ تێکەڵکردنی دامەزراوەکان تەواوببێت". 
 
رۆژی شەممە 31/5/2025 شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چووە دیمەشق و رۆژی یەکشەممە لەگەڵ حکومەتی سووریا کۆبوونەوە، بەپێی قسەی عەمید زیاد ئەلعایش، ئەندامی لیژنەی تایبەت بە رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و هەردوولا پەرۆشبوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە