لە سنووری لازقییە هێزە ئەمنیەکان رێگە نادەن خەڵک دژی کوشتن و رفاندن خۆپێشاندان بکەن

05-07-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سووریا، رێگرییان لە خۆپێشاندانێک کرد کە لەلایەن دانیشتووانی دەوروبەری جەبلەوە رێکخرابوو. خۆپێشاندەران داوای کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنییان دەکرد و ناڕەزایەتییان دەردەبڕی بەرامبەر بەردەوامیی رفاندنی هاووڵاتییانی سڤیل، بەتایبەتی ژنان، هەروەها زیادبوونی رووداوەکانی کوشتن و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی.
 
ئەمڕۆ، لە شارەکانی ته‌رتووس و جەبلە لە سنووری پاریزگای لازقیەی سووریا، هێزە ئەمنییەکان بە چڕی بڵاوەیان پێکرا، ئەمەش لە پاش بانگەوازەکان بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە نیوەڕۆی ئەمڕۆدا لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەردەوامیی حاڵەتەکانی رفاندن کە هاووڵاتییانی سڤیل، بەتایبەتی ژنان، دەکاتە ئامانج، سەرەڕای زیادبوونی رووداوەکانی کوشتن و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی.
 
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند، ئەم بانگەوازانە هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی تووڕەیی خەڵک بەهۆی بەشداریی کارمەندانی سەر بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ لە ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوکردندا و، بێتوانایی دەسەڵاتداران لە دانانی سنوورێک بۆ ئەو رووداوانەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەن و هەستی گرژی و ناڕەزایەتی لە شەقامدا تووندتر دەکەنەوە.
 
ژمارەیەک لە چالاکڤانە خۆجێیەکان کە قسەیان بۆ روانگەی سووری کردووە، داوایان کرد کە پێویستە خۆپێشاندانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان رێکبخرێن، ئەمەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی بەشداربووان و خۆلادان لە هەر جۆرە پێکدادانێک. 
 
چالاکڤانەکان جەختیان لەسەر گرنگیی کشانەوەی هەر هێزێکی بیانی یان گرووپێکی تووندڕۆ کردەوە لە ناوچەکانی کەناراوەکان، بۆ ئەوەی دۆخەکە نەقۆزرێتەوە و بارودۆخەکە ئاڵۆز نەبێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە