رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا و میدیای فەرمیی وڵاتەکە رایانگەیاند، رۆژی یەکشەممە چەند چەکدارێک لە دەوروبەری ئیدلب چوار ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کوشتووە.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "چوار ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رێگەوبانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ" کوژران و پێنجەمیشیان بریندار بوو، "ئەوەش دوای ئەوەی یەکێک لە هێزە گەڕۆکەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا لە رێگەی مەعەرە نوعمان لە باشووری پارێزگای ئیدلب کرایە ئامانج."
ئاژانسی فەرمیی سانا بڵاویکردەوە، چەکدارەکان تەقەیان لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کردووە.
هیچ کام لە سەرچاوەکان ناسنامەی هێرشکارەکانیان ئاشکرا نەکردووە.
پێش رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، پارێزگای ئیدلب پێگەی سەرەکیی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو کات بوو، کە چەکداری بیانیشیان تێدابوو.
هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە رۆژێک دوای هێرشکردنە سەر هێزێکی هاوبەشی ئەمریکا و سووریا دێت لە تەدمور لە نێوەڕاستی سووریا، کە بەگوێرەی واشنتن و دیمەشق، بووە هۆی کوژرانی سێ ئەمریکی، لەنێویاندا دوو سەرباز و هاووڵاتییەکی سڤیل کە وەک وەرگێڕ کاری دەکرد، هەروەها برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکی و دووی دیکەی سووریا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشکارەکەی تەدمور کوژراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکە لە چوارچێوەی ئەرکێکی پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی رێکخراوی داعش لە تەدمور بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە گوتی، "زیانی زۆر" بەو کەسانە دەگەیێنن کە لە پشت هێرشەکەوە بوون، بەڵام جەختی کردەوە کە چەکدارەکە سەر بە داعش بووە نەک حکومەتی سووریا، وێڕای ئەوەی حکومەتی دیمەشق پێشتر رایگەیاندبوو ئەندامێکی "تووندڕۆ"ی هێزە ئەمنییەکانی ئەوان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ