ترەمپ دەڵێت "زیانی زۆر" بەوانە دەگەیێنێت کە سەربازانی ئەمریکایان لە سووریا کوشت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەوانەی رۆژی شەممە لە تەدموری سووریا دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکایان کوشت، "زیانی زۆر"یان پێ دەگەیێندرێت.
 
وێڕای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، هێرشکارەکە ئەندامێکی "تووندڕۆی" هێزە ئەمنییەکانی ئاسایشی گشتیی وڵاتەکە بووە، ترەمپ دەڵێت، سەر بە حکومەتی سووریا نەبووە، بەڵکو سەر بە داعش بووە.
 
لە ئێوارەخوانێکی کۆشکی سپی کە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی کریسمس رێکخرابوو، ترەمپ بە میوانەکانی گوت، "دەتوانم پێتان بڵێم کە لە سووریا، زیانی زۆر بەو کەسانە دەگەیێنرێ کە ئەو کارەیان کرد. ئەوان کەسەکەیان کوشت کە تاکێک بوو، بەڵام لە داهاتوودا زیانی زۆر لە ئارادا دەبێت."
 
ترەمپ گوتیشی: "لە سووریا هێرشێکمان کرایە سەر و سێ نیشتمانپەروەری مەزنمان لەلایەن خراپەکارانەوە کوژران، نەک لەلایەن حکومەتی سووریاوە، بەڵکو ئەوە داعش بوو."
 
سەرۆکی ئەمریکا رازیبوونی خۆی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەر دووپات کردەوە و گوتی: "حکومەتی سووریا شانبەشانی ئێمە شەڕی کرد. سەرۆکی نوێ شانبەشانی ئێمە شەڕی کرد."
 
رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا پشتڕاستی کردەوە کە هێرشکارەکە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بووە. 
 
وەزارەتەکە گوتی، ئەوان ئاگادار بوون کە ئەو کەسە خاوەن بیری "تووندڕۆیی" بووە و بڕیاربووە لە ماوەیەکی نزیکدا لە ریزەکانیان دووربخرێتەوە. 
 
نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی دووپاتی کردەوە کە دامودەزگەکان "بڕیاریان دابوو رۆژی یەکشەممە ئەو کەسە لە کارەکەی دووربخەنەوە" لەبەر ئەوەی خاوەن "بیری تووندڕۆیی ئیسلامی بووە". 
 
هەر هەمان رۆژ سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەو کەسە ئەندامی دەزگای ئاسایشی گشتی بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دامودەزگەکان دوای هێرشەکە زیاتر لە 11 ئەندامی هەمان دەزگایان بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیرکردووە.
 
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە فرانس پرێسی گوت: "ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور زیاتر لە 10 مانگە ئەندامی ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریایە. پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ تەدمور، لە چەندین شاری دیکە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی کاری کردووە."
 
سەرچاوەکە گوتی: "راستەوخۆ دوای رووداوەکە، زیاتر لە 11 ئەندامی ئاسایشی گشتی دەستبەسەرکراون و خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوە."
 
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ئەمە یەکەمجارە رووداوێکی لەم شێوەیە دروست دەبێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە بەڵێنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی دا و رایگەیاند، هێرشەکە لە ناوچەیەک روویداوە کە "زۆر مەترسیدار"ـە و لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتی راگوزەری سووریادا نییە.
 
بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە هێرشەکەدا 2 سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکیان کوژران. میدیای سووریاش پێشتر برینداربوونی 2 سەربازی سووری راگەیاندبوو. 
 
پێنتاگۆن رایگەیاند، هێرشکارەکە لە لایەن هێزەکانی سووریاوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە؛ هەروەها برینداربوونی 3 سەربازی دیکەی پشتڕاستکردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد هێزە هاوبەشەکە لە چوارچێوەی ئەرکی پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە تەدمور بوون.
 
مانگی رابردوو لە کاتی سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا بۆ واشنتن، دیمەشق بە فەرمی چووە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
 
هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بنکەی تەنف لە نزیک سنووری ئوردن جێگیرن. واشنتن دەڵێ، سەربازەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و پشتیوانیی هاوپەیمانە خۆجێیەکانیان لەوێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە