ئەندامێکی مەسەدە: هەڵبژاردنەکانی سووریا بێ ناوەڕۆکن، بەڵام دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق کراوەیە

05-10-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
دەنگدەرێکی سووری دەنگ دەدات. وێنە: AP/ Hussein Malla
دەنگدەرێکی سووری دەنگ دەدات. وێنە: AP/ Hussein Malla
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەسەدە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا بە پرۆسەیەکی ناتەواو وەسف دەکات، کە ناگاتە ئاستی داواکارییەکانی گەلی سووریا و گوتی، ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی بارودۆخی ئێستای وڵاتەوە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی قەیرانی سیاسی بێت.
 
شوکری شێخانی، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بە پرۆسەیەکی ناتەواو و پڕ لە کەموکورتی وەسف دەکات و دەڵێت، "ئەم هەڵبژاردنە ناگاتە ئاست داواکارییەکانی گەلی سووریا."
 
لە هەڵبژاردنەکەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا (پەرلەمان) کە رۆژی یەکشەممە 05-10-2025 لە چەند ناوچەیەکی سووریا بەڕێوەچوو، 1578 بەربژێر کە 14%یان ژنن، کێبڕكی دەکەن.
 
شوکری شێخانی، رەخنەی لە هەڵبژاردنەکە گرت کە بەهۆی دۆخی ئێستای سووریا، ناتوانێت وەڵامدەرەوەی قەیرانی سیاسی بێت و گوتی، "ئەم پرۆسەیەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، پرۆسەیەکی ناتەواوە، چونکە کەموکوڕیی زۆری هەیە و زۆریش دوورە لە جێبەجێکردنی داواکاری و هیواکانی گەلی سووریا، بەتایبەتی دوای 15 ساڵ لە شۆڕش."
 
هەڵبژاردنەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سوەیدا بەڕێوەناچن، وەکو حکومەتی سووریا دەڵێت، ئەو ناوچانە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە گونجاو نین بۆ هەڵبژاردن. محەممەد وەلی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری هەڵبژاردنەکانیش بە رووداوی گوت، کورسی ئەو ناوچانە بەپێی ئاماری ساڵی 2011 بە بەتاڵی دەمێننەوە.
 
شوکری شێخانی بەدەرکردنی 5 پارێزگای سووریا لەم پرۆسەیە و بەشدارنەبوونی پێکهاتەکان بە هۆکارەکانی ناتەواوی هەڵبژاردنەکە دەزانێت و دەڵێت، بەدەرکردنی 5 پارێزگای سووریا لەم پرۆسەیە، خۆی لە خۆیدا دەیسەلمێنێت کە ئەم پرۆسەیە ناتەواو و کەمە، ئەمە جگەل لەوەی، "لە سەرەتای دامەزراندنی لیژنەکانەوە تا هەڵبژاردنی کەسەکان، بەشدارییەکی راستەقینە و فرەیی لە پرۆسەکەدا بوونی نییە."
 
لەبارەی گفتوگۆی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکومەتی سووریا ئەو ئەندامەی مەسەدە ئاشکرای کرد، خاوبوونەوەیەکی زۆر لە پرۆسەکەدا هەیە، حکومەتی سووریا لە زۆر خاڵی رێککەوتنی 10ی ئادار وەڵامیان ناداتەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، "تەنها دوو کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سووریا کراون، کۆبوونەوەکان کە چاوەڕوان دەکرا لە پاریس و دیمەشق بەڕێوەبچن، ئەنجام نەدران. لەم دواییانەشدا لە 2ی تشرینی یەکەم کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی لایەنی ئەمریکی بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام ئەویش نەکرا."
 
بڕیاربوو هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە دیمەشق بەڕێوەبچێت، بەڵام هەڵوەشایەوە، میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەسعەد شەیبانی تۆمەتبارکرد کە ئامادە نەبوو لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد کۆببێتەوە، بە پێچەوانەوە میدیاکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەڵێن، ئیلهام ئەحمەد بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێش وەختە سەردانی دیمەشقی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شەیبانی.
 
بە گوتەی شێخانی، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم خاوبوونەوەیە ئەوەیە کە حکومەتی سووریا گرنگی بە لایەنی سەربازی و ئەمنی دەدات، بەڵام بابەتەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و بەڕێوەبردن کە بۆ ژیانی خەڵک گرنگن، پشتگوێ دەخات و گوتی، "ئێمە لە مەسەدە هێشتا دەرگامان بۆ گفتوگۆ کراوەیە و پشتگیریی هەر پرۆسەیەکی گفتوگۆی داهاتوو دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە سووریایەکی نوێ بنیات بنێین و پارێزگاری لە یەکپارچەیی سووریایەکی کامڵ و یەکگرتوو بکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە