سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ رووداو: سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژراون

06-10-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە رووداوی راگەیاند، سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش لە دەروازەکانی گەڕەکەکانی ئەشرەفیتە و شێخ مەقسوودی حەلەب "لەلایەن هەسەدەوە" کوژراون.
 
شەوی دووشەممە 06-10-2025 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە رووداوی راگەیاند، جگە لە کوژرانی ئەو سێ کەسە، چەند کەسێکیش بریندارن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی ئەمشەو پشتڕاستیکردەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی وڵات جولە بە سوپا کراوە "بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە هێرشەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە".  وەزارەتەکە راشیگەیاند: "پابەندین بە رێککەوتنی 10ی ئادار و ئۆپەراسیۆن ناکەین."
 
لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبووە. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، 7 رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن هەموویان داخراون.
 
ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، لە دەروازەکانی هەردوو گەڕەکەکە بە خۆڵ رێگەی هاتووچۆیان بڕی. بەرپرسێکی پەیەدە لە حەلەب گوتی، 15 کورد بە گازی فرمێسکڕێژ بریندار بوون.
 
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا حەوت رێگەی هاتووچۆی هەردوو گەڕەکەکە هەن دایانخستوون".
 
لە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە لە چەند ساڵی رابردوودا، ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکە، لەلایەن گرووپە چەکدارە کوردەکانی نزیک هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێن و دەپارێزرێن.
 
دوای دروستکردنی بەربەستی هاتووچۆ، سەتان هاونیشتمانیی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود رژانە شەقامەکان و بەرەو رووی هێزەکانی دەسەڵاتی دیمەشق چوون.
 
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە بەردەوامە و سەری کێشاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە