رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنەکەسە وەڵامی نێردەی تایبەتی ترەمپ دەداتەوە و دەڵێت: "ئەوە ناناوەندیبوون نییە بووەتە هۆی وێرانی، بەڵکو ناوەندیبوونی تووندە کە بووەتە هۆی قەیرانەکان و ناشکرێت بگەڕێینەوە بۆ سەر سیستمە کۆنەکان."
رۆژی شەممە، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، وەڵامی لێدوانێکی تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریای دایەوە کە گوتبووی "ناناوەندیبوون لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەڵقان سەرکەوتوو نەبووە."
فەیسەڵ یوسف رایگەیاند، ئاماژەپێدانی باراک بە ئەزموونەکانی عێراق، یوگۆسلاڤیا و لوبنان، راستییەکی بنەڕەتی و ئاشکرا پشتگوێ دەخات.
هەروەها یوسف گوتی: "ناناوەندیبوون وێرانی دروست نەکردووە، بەڵکو ئەو ناوەندیبوونە تووندەی کە لەلایەن رژێمەکانی ئەو وڵاتانەوە پەیڕەوکراوە و گەلانی ناوچەکەیان لە مافە نەتەوەییەکانیان بێبەش کردووە و دیموکراسی و فرەییان رەتکردووەتەوە، ئەمانە بوونەتە هۆی قەیران و دابەشبوونەکان. تاوەکو ئەمڕۆش گەلانی ناوچەکە باجەکەی دەدەن، بێ ئەوەی لە ناوچەکەماندا تاوانەکانی رێککەوتنی سایکس-پیکۆ لەبیر بکەین."
گوتەبێژی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەر روون و ئاسانە، ئەویش "دیموکراسی، ناناوەندیبوون و بەهێزکردنی گەلانە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان."
فەیسەڵ یوسف روونیکردەوە، هەرچەندە گفتوگۆکان لە سووریا و وڵاتانی دیکە لەبارەی شێوازی دەسەڵات درێژە بکێشن، ناگەڕێنەوە سەر سیستمە کۆنەکانی پێشوو.
گوتەبێژی ئەنەکەسە گوتی: "بێگومان بەڕێز تۆم دەزانێت کە سەرکەوتووترین ئەزموونەکانی جیهان، ئەزموونەکانی ناناوەندیبوونن کە سەقامگیرییان پاراستووە و گەشەپێدان و بووژانەوەیان بەدوای خۆیاندا هێناوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ