رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی شەش مانگە رژێمی بەشار ئەسەد رووخاوە. لەو ماوەیەدا سەرەڕای رووخانی رژێمی پێشوو، حەوت هەزار و 670 کەس لەو وڵاتە کوژراون.
رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد وەرچەرخانێکی گرنگی لە مێژووی سوریادا دروست کرد و کۆتایی بە دەیان ساڵ لە حوکمی بنەماڵەی ئەسەد هێنا کە بە میرات دەگوازرایەوە.
بەڵام ئەو قۆناخەی دوای رووخانی رژێم هات، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سیستمێکی مەدەنیی جێگیر دروست بکات، بەڵکو وڵاتەکە زیادبوونێکی بێپێشینەی لە قەبارەی زیانە گیانییەکاندا بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها "تیرۆرکردن و پاکتاوکردنی کەسایەتییە سیاسی، سەربازی و ئایینییەکان شەڕی گرووپەکان زیادیان کردووە.
رێکخراوی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، راپۆرتێکی وردی لەبارەی سووریای دوای ئەسەد لە شەش مانگی رابردوودا بڵاوکردووەتەوە. وەک خۆی دەڵێت: ئامانجی ئەم راپۆرتە تیشک خستنە سەر دیارترین ئەو پێشێلکارییانەیە کە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و چوونە ناو قۆناخی گواستنەوەیەوە روویانداوە، تۆمارکردنیانە بە ژمارە، وەک هەوڵێک بۆ بەشداریکردن لە ئاشکراکردنی واقیع و هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جیدی بەرەو لێپرسینەوە و پاراستن.
کوژرانی 7670 کەس
لە سەرانسەری سووریادا، لەدوای کەوتنی ئەسەدەوە، حەوت هەزار و 670 کەس کوژراون، لە ماوەی نێوان 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 تاوەکو 6ـی حوزەیرانی 2025، لە ئەنجامی بەردەوامیی تووندوتیژی و پێشێلکارییەکان لەلایەن لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە، سەرەڕای "ئاڵۆزییە ئەمنییە گەورەکە".
لەنێو قوربانییەکاندا، پێنج هەزار و 784 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، کە 306 منداڵ و 422 ئافرەتیان تێدایە، ئەمەش ناسکیی دۆخی ئەمنی و زیادبوونی مەترسی لەسەر چینە لاوازەکانی کۆمەڵگا نیشان دەدات.
نزیکەی 75%ـی کوژراوان سڤیلن
رێژەی پیاوان لەنێو قوربانییە سڤیلەکاندا نزیکەی 87%ـە، لە کاتێکدا ژنان و منداڵان تەنیا 12.6% پێکدەهێنن. واتە نزیکەی 75٪ی کوژراوان سڤیلن.
ئاماری زیانە گیانییەکان بەم شێوەیە دابەش بووە:
لە 8ی کانوونی یەکەم تاوەکو کۆتایی 2024
دوو هەزار و 354 کوژراو، لەنێویاندا هەزار و 894 هاووڵاتیی سڤیل (هەزار و 839 پیاو، 21 ئافرەت، 34 منداڵ) و 460 چەکدار و سەرباز.
کانوونی دووەمی 2025
هەزار و 122 کوژراو، لەنێویاندا 679 هاووڵاتیی مەدەنی (480 پیاو، 146 ئافرەت، 53 منداڵ) و 443 چەکدار و سەرباز.
شوباتی 2025
603 کوژراو، لەنێویاندا 435 هاووڵاتیی مەدەنی (347 پیاو، 46 ئافرەت، 42 منداڵ) و 168 چەکدار و سەرباز.
ئاداری 2025
دوو هەزار و 644 کوژراو، لەنێویاندا دوو هەزار و 69 هاووڵاتیی مەدەنی (هەزار و 828 پیاو، 144 ئافرەت، 97 منداڵ) و 575 چەکدار و سەرباز.
نیسانی 2025
452 کوژراو، لەنێویاندا 352 هاووڵاتیی مەدەنی (287 پیاو، 40 ئافرەت، 25 منداڵ) و 100 چەکدار و سەرباز.
ئایاری 2025
428 کوژراو، لەنێویاندا 295 هاووڵاتیی مەدەنی (227 پیاو، 19 ئافرەت، 49 منداڵ)، و 133 غەیرە مەدەنی.
لە سەرەتای حوزەیران تاوەکو 6ـی مانگ
67 کوژراو، لەنێویاندا 60 هاووڵاتیی مەدەنی (48 پیاو، 6 ئافرەت، 6 منداڵ) و 7 چەکدار و سەرباز.
دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سووریا هێشتا بەدەست ئاڵۆزیی ئەمنی و هەڵوەشانەوەی مەترسیداری دامەزراوەکانەوە دەناڵێنێت. ئەمەش بە گوتەی روانگەی سووری، لە سۆنگەی زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن لە دەرەوەی یاسا و کردەوەکانی تیرۆرکردن کە لەبەرچاوی خەڵک و بەبێ لێپرسینەوە دەکرێن و، بەردەوامیی گوتاری تائیفیی هاندەرانە کە هەڕەشە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەکات و بازنەکانی تۆڵەسەندنەوە بەهێزتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ