سووریا
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب دەڵێت، هێشتا خەڵک لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون.
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب نوێترین ئاماری قوربانییانی بۆردوومانەکانی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ 12 کەس بەرزبووەتەوە و هێشتا خەڵک لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەهۆی هێرشی "هەڕەمەکی و وەحشیگەرانەی میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق، ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە 12 شەهید و 64 بریندار."
ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە ئاماری ئەو قوربانییانەیە کە تاوەکو ئێستا تۆمار کراون، بەڵام "هێشتا قوربانیی سڤیل لەژێر داروپەردووی ئەو باڵەخانانەدا ماون کە بەهۆی بۆردوومانەوە وێران بوون."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکان بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام بە تانک، تۆپ و درۆن دەکرێنە سەر گەڕەکە نیشتەجێبووەکان کە دانیشتووانی سڤیلی تێدایە.
دۆخی حەلەب دوای راگەیاندنی "قەدەخەی هاتووچۆ" و ناساندنی گەڕەکە کوردنشینەکان وەک "ناوچەی سەربازی" لەلایەن سوپای سووریاوە، گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار. سوپای عەرەبیی سووریا ئەمڕۆ بۆردوومانی چڕی بۆ سەر پێگەکانی هەسەدە دەستپێکردەوە دوای ئەوەی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ دەرچوونی سڤیلەکان کۆتایی هات.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی حەلەب رایگەیاند، 9 سڤیل کوژراون و 55ـی دیکە بریندار بوون. وەزارەتی فریاکەوتنیش هەسەدە بە "تەقەکردن لە ئەمبوڵانس" تۆمەتبار دەکات.
لیژنەی بەدەنگەوەچوونی حەلەب (سەر بە حکومەت) دەڵێت، 142 هەزار کەس ئاوارە بوون، لە کاتێکدا لایەنی کوردی باسی گەڕانەوەی 20 هەزار خێزان بۆ عەفرین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ