رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، عەمید زیاد عاییشی وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دیاری کرد.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا رایگەیاند، ئەرکی عەمید زیاد عاییش جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی 2026ـە کە لەنێوان حکومەت و هەسەدە واژۆ کراوە، بە ئاراستەی بەدیهێنانی "تەواوکاری و تێکەڵکردنەوە" لە ناوچەکەدا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئامانج لەم هەنگاوە، بەهێزکردنی ئامادەیی دەوڵەت و لابردنی ئەو ئاستەنگانەیە کە لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدان.
سەرۆکایەتیی کۆمار دەڵێت، "نوێنەرە نوێیەکەی سەرۆکایەتی کار بۆ کاراکردنەوەی خزمەتگوزارییە حکومییەکان دەکات بۆ هاووڵاتییانی نیشتەجێی ئەو ناوچانەی کە دەکەونە چوارچێوەی رێککەوتنەکە."
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حکومەتی سووریا و هەسەدە رێککەوتن بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عەرەبیی سووریا بۆ ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ