رووداو دیجیاتڵ
دوای وەستانێکی درێژخایەن، یەکەم فڕۆکەی مەدەنیی سووری لە دیمەشقەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ نیشتەوە. ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بۆ دووبارە کاراکردنەوەی فڕۆکەخانەکە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ تەنیا بۆ کاروباری سەربازی بەکاردەهات.
فڕۆکە گەشتیارییەکە شاندێکی فەرمی کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریای گەیاندە قامشلۆ. هەر لەنێو فڕۆکەخانەکەدا، کۆبوونەوەیەکی داخراو لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڕێوەچوو.
بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی کۆبوونەوەکە رێککەوتن بوو لەسەر نۆژەنکردنەوەی تەکنیکیی فڕۆکەخانە و بنکە خزمەتگوزارییەکان کە زیاتر لە ساڵێک و نیوە پەکیانکەوتووە.
ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە نوێیەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دێت، کە ئامانج لێی هاوئاهەنگیی دامەزراوەیی و کۆتاییهێنان بە دابەشکارییەکانی ناوچەکەیە.
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا کۆمپانیا تایبەتمەندەکان دەست بە کاری چاککردنەوە بکەن بۆ ئەوەی گەشتە ئاساییەکان بە شێوەیەکی رێکخراو دەستپێبکەنەوە.
فڕۆکەخانەی قامیشلۆ خاڵێکی ستراتیژیی گرنگە و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە شارەکانی دیمەشق، حەلەب و تەنانەت بەیرووتیش دەبەستێتەوە.
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی سڤیلی سووریا رایگەیاند، فڕۆکەخانەکەیان بە فەرمی وەرگرتووە. "وەرگرتنی فڕۆکەخانەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە دێت کە لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە، کە ئامانجی گەڕانەوەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتە بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024، فڕۆکەخانەی قامشلۆ داخراوە و تەنیا یەک فڕۆکەی رووسی تێیدا نیشتووەتەوە.
فڕۆکە رووسییەکە لە 22.1.2026 لەو فڕۆکەخانە نیشتەوە کە دواتر وا راگەیێندرا کە پێداویستییەکانی هێزی رووسیای بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ