رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، چوار ئەندامی "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ" لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە شاری رەققە کوژران. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکە بانگەوازی بۆ چەکدارانی کردووە رووبەڕووی دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکە ببنەوە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی (سانا) لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، چوار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا کوژراون. وەزارەتی ناوخۆی سووریاش رایگەیاند، "هێرشە تیرۆریستییەکە" بازگەیەکی ئەمنی کردووەتە ئامانج و لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکەشدا یەکێک لە هێرشبەرەکان کوژراوە.
ئەمە دووەم هێرشی چەکدارانی داعشە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی دوو رۆژدا، کە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکانی ئەو رێکخراوە بۆ سەر دامەزراوەکانی حکومەت.
مانگی رابردوو، حکومەتی نوێی سووریا شاری رەققەی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەرگرتەوە؛ پێشتر هەسەدە بە پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانان تاوەکو ساڵی 2019 پێشەنگی شەڕی دژ بە داعشیان کردبوو و شارەکەیان لە چنگی ئەو رێکخراوە دەرهێنابوو.
رەققە، کە کاتی خۆی وەک "پایتەختی خەلافەت"ی داعش دەناسرا، ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریادایە.
پار سووریا بەفەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کرد و ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانان هاوئاهەنگی دەکات بۆ لێدانی پاشماوەکانی ئەو رێکخراوە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ