رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، داعش لە پەیامێکی دەنگیدا داوای لە چەکدارەکانی کرد شەڕی حکومەتی راگوزەری سووریا بکەن.
رێکخراوەکە پەیامەکەی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بڵاوکردووەتەوە و ئەمە یەکەمین پەیامی گوتەبێژەکەیەتی لە دوای دوو ساڵ.
لە سەرەتای ئەم مانگە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، 5 هەزار و 700 چەکداری زیندانیکراوی داعش لە سووریاوە گوێزرانەوە بۆ عێراق. ئەوانە بەشێکن لە کۆی نزیکەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی رێکخراوە پەڕگیرەکە، کە مانگی رابردوو فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی گواستنەوەیانی راگەیاند.
ئەبو حوزەیفەی ئەنساری، گوتەبێژی داعش جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی راگوزەری سووریا "بە حکومەتە عەلمانی و سوپا نەتەوە پەرستەکەیەوە کافر و هەڵگەڕاوەن لە دین"، داواشی لە "سەربازانی شام" کرد هەوڵی جیدیی بدەن بۆ شەڕکردن لە دژیان و "رزگارکردنی وڵات لە چنگیان".
ئەحمەد شەرع، کە پێشتر بە "ئەبو محەممەدی جۆلانی" دەناسرا، لە کانوونی یەکەمی 2024 و دوای رووخانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو، دەسەڵاتی سووریای گرتە دەست.
پێش ئەوە، شەرع سەرکدایەتی دەستەی تەحریری شامی دەکرد. بەرلەوەی گرووپەکەی جیابوونەوەی خۆی رابگەیێنێت، بە "بەرەی نوسرە" و لقی رێکخراوی قاعیدە لە سووریا دەناسرا.
لەدوای رووخانی ئەسەدەوە، شەرع دەستبەرداری رابردووە جیهادییەکەی بووە و بووەتە سەرۆکێک کە بە شێوەیەکی فراوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە، قبووڵ کراوە.
لە ساڵی 2025، سووریا چووە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات.
دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوان لە سووریا و عێراق لە ساڵی 2014، داعش رووبەڕووی چەندین شکستی یەک لەدوای یەک بووەوە، تاوەکو لە ساڵی 2019 خەلافەتەکەی بە تەواوی رووخێنرا، بەڵام چەکدارەکانی کە خۆیان لە بیابانە بەرفراوانەکانی سووریا حەشارداوە، تاوەکو ئێستاش ناوە ناوە هێرشی خوێناوی دەکەن.
ئەمریکا بەردەوام دەڵێت کە هێرش دەکاتە سەر پێگەکانی داعش لە سووریا، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی سووریا ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی پچڕپچڕ لە دژی شانەکانی ئەو رێکخراوە دەکەن.
لە کانوونی دووەمی رابردوودا، هێزەکانی سووریا چوونە ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، ئەوەش پرسیاری لەسەر چارەنووسی ئەو چەکدارانەی داعش دروستکرد کە لەو ناوچانەدا دەستبەسەر بوون.
لە هەمان کاتدا، کەمپی هۆل کە خێزانی چەکدارانی داعشی لەخۆدەگرت، لە زۆربەی دانیشتووانەکەی چۆڵکرا، کە بەشێکیان کەمپەکەیان جێهێشتووە و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ کەمپێکی دیکە لە حەلەب گوێزراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ