سوپای عەرەبیی سووریا مۆڵەتێکی دوو کاژێری دەداتە دانیشتووانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود

دوێنێ کاژێر 05:08
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکەی بەیانی، سوپای سووریا مۆڵەتێکی دیکەی کورتی بۆ دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکان راگەیاند و داوا لە شەڕڤانانی هەسەدە دەکات چەکەکانیان دابنێن.
 
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا، کە ئاژانسی سانا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، رێڕۆی مرۆیی لە کاژێر 04:00ی عەسرەوە تاوەکو 06:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی دەکرێتەوە.
 
سوپای سووریا داوا لە دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکات، بەپەلە لە رێگەی (رێڕۆی عەوارز)ەوە بەرەو گەڕەکەکانی دیکەی شاری حەلەب بچنە دەرەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای سووریا راستەوخۆ داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەکات، "چەکەکانیان فڕێ بدەن" و بەڵێن دەدات، ئەگەر ئەوە بکەن "پارێزگارییان لێدەکەن و دەیانپارێزن."
 
ئەم مۆڵەتە نوێیە تەنیا دوو کاژێرە و لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ وادەی ئاگربەستەکەی پێشوو (کە تاوەکو 09:00ی بەیانی بوو) کۆتاییهاتبوو.
 
دۆخی حەلەب لە نێوان گوشاری مەیدانیی سوپا و جووڵە دیپلۆماسییەکاندا پەنگی خواردووەتەوە.
 
سوپای عەرەبیی سووریا گەمارۆی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی داوە. پێشتر هێزە کوردییەکان (ئاسایشی نێوخۆیی حەلەب) داواکاریی چۆڵکردنی گەڕەکەکانیان رەتکردەوە و مانەوەیان هەڵبژارد. نزیکەی 140 هەزار کەس ئاوارە بوون و حکومەت 64 ناوەندی بۆ کردوونەتەوە.
 
ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد و بەڵێنی دا "مافی کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەن بپارێزێت." ئەم لێدوانە دژبەیەکە لەگەڵ داواکاریی سوپا بۆ "خۆبەدەستەوەدانی چەکدارانی کورد."
 
یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا چاودێریی دۆخەکە دەکەن. ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا لە دیمەشقە و جەخت لە پاراستنی کەمینەکان دەکاتەوە.
 
شەڕی سێ رۆژی رابردوو بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 9 کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە (بەپێی ئاسایشی نێوخۆیی حەلەب)، هەرچەندە سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماری قوربانییەکان بە زیاتر دەزانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوپای عەرەبیی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود. وێنە: AA

تەندروستیی حەلەب: 23 کەسی سڤیل کوژراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب، ئاماری کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 23 کەس کوژراون و 104 کەسی دیکەش برینداربوون.