مانگی سووری کوردی: هەوڵی گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەدەین

دوێنێ کاژێر 05:26
پەیمان محەممەد
چەند ئۆتۆمبێلێکی مانگی سووری کوردی
چەند ئۆتۆمبێلێکی مانگی سووری کوردی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب "تاوانی جەنگییە." ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی گەیاندنی دەرمان و هاوکاریی پزیشکی بە گەڕەکەکان دەدەن.
 
ئەمڕۆ هەینی 09-01-2026 هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد، لەبارەی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رایگەیاند، ''بەرگری لە گەڕەکەکان لەلایەن ئاسایشەوە بەردەوامە.''
 
هەدیە عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی هەوڵدەدەن رێڕۆی مرۆیی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزاریی تەندروستی بگەیێننە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و برینداران بگوێزنەوە، ''ئێستا بە 15 ئەمبوڵانس، پزیشک و تیمەکانمانەوە بەڕێکەوتووین، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگە نەکراوەتەوە.''
 
بە گوتەی هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی، دوو بنکەی تەندروستییان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەیە، ''تاوەکو ئێستا هەرچەندە دەرمان کەمە، بەڵام گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن و بنکەکانمان پێشوازی لە نەخۆش و برینداران دەکەن.''
 
پێنج نەخۆشخانە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەن. وەک هەدیە عەبدوڵڵا دەڵێت، هەر پێنجیان بەهۆی نەبوونی دەرمان، سووتەمەنی و تۆپبارانەوە لەکارکەتوون و توانای گەیاندنی خزمەتگوزارییان بە نەخۆش و برینداران نەماوە.
 
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی جەختی لەوە کردەوە، ''بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانەکان دەچێتە خانەی تاوانی جەنگییەوە. خەڵک لە دۆخێکی نالەباردا دەژین. برینداران جارێکی دیکە لە نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج.''
 
هەدیە عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانیان تاوەکو ئێستا پێشوازییان لە 60 بریندار کردووە کە 15یان پێویستیان بە نەشتەرگەریی بەپەلە هەیە و ناتوانرێت لە گەڕەکەکاندا نەشتەگەرییان بۆ بکرێت.
 
هەرچی هاوئایەنگییە لەنێوان مانگی سووری عەرەبیی سووریا و مانگی سووری کوردی، هەدیە عەبدوڵڵا گوتی، ''ئەوان دەڵێن دەمانەوێت هاوکاری بکەین، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەیی نییە. گوتیان دەمانەوێت دۆخەکە بزانین، بەڵام بەهۆی تۆپباران و شەڕەوە دەڵێن ناتوانن تیمەکانیان بخەنە مەترسییەوە.''
 
لە رۆژی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمەوە، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەستپێکردووە و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانیش کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، لە بەرامبەردا بە تووندی بەرگری دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوپای عەرەبیی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود. وێنە: AA

تەندروستیی حەلەب: 23 کەسی سڤیل کوژراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب، ئاماری کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 23 کەس کوژراون و 104 کەسی دیکەش برینداربوون.