سووریا
دووکەڵ لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود بەرز دەبێتەوە. وێنەکە لە رۆژی 8-1-2026 گیراوە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بڕیارمان داوە بمێنینەوە و بەرگری بکەین.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە 6ی ئەم مانگەوە گەڕەکەکانیان رووبەڕووی بۆردوومانی تووندی چەکی قورس بوونەتەوە کە تێیدا ناوەندە مەدەنییەکانی وەک مزگەوت، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان کراونەتە ئامانج. ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هێرشانە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و ناچارکردنی خەڵک بە کۆچبەری ئەنجام دەدرێن، کە ئەوەش بە "پێشێلکردنێکی روونی رێککەوتنامەکانی پێشوو" دەژمێردرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە کە "حکومەتی کاتیی شام بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان گوشار بۆ خۆبەدەستەوەدانی هێزەکانی ئاسایش و خەڵکی ناوچەکە دەهێنێت". ئەنجوومەنەکە بە تووندی سەرکۆنەی بێدەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکانی کردووە کە وەک گەرەنتیکاری رێککەوتنامەکان چاودێر بوون.
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی، راگەیێندراوەکە ئاشکرای کردووە کە نەخۆشخانەی "خالید فەجر" بەهۆی بۆردوومانەوە بەتەواوی لەکار کەوتووە و دەیان بریندار کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بێ چارەسەر ماونەتەوە. گەڕەکەکان بەهۆی گەمارۆ و سەرماوە لە قەیرانێکی مرۆیی قورسدان.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنەکان دەڵێت، بەهۆی نەبوونی متمانە بە حکومەتی نوێی شام و ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئەنجام دراون، ئامادە نین ئاسایشی گەڕەکەکانیان رادەست بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ