رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا رایگەیاند، نەخشە و شوێنی ئەو خاڵانە بڵاودەکاتەوە کە لەنێو گەڕەکی شێخ مەقسوود بۆردوومانیان دەکات، داواش لە دانیشتووان دەکات لێیان دووربکەونەوە.
رۆژی هەینی 09-01-2026 دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا، کە ئاژانسی سانا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، "لە رێگەی شاشە و سەکۆکانی کەناڵی (ئیخباریەی سووریا)وە ئەو شوێنانە بڵاودەکەینەوە کە لەنێو گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکرێنە ئامانج."
سوپای عەرەبیی سووریا پاساوی بۆ ئەم هێرشە چاوەڕوانکراوە هێناوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات، "رێکخراوی هەسەدە و رێکخراوی پەکەکە (PKK) ئەو شوێنانەیان کردووەتە بارەگا و سەربازگە بۆ ئۆپەراسیۆن دژی دانیشتووانی حەلەب."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای عەرەبیی سووریا هۆشداریی تووند دەداتە دانیشتووانی سڤیل و دەڵێت، "جارێکی دیکە هۆشداری دەدەینە دانیشتووانی شێخ مەقسوود، پێویستە لە هەموو پێگەکانی هەسەدە و پەکەکە دووربکەونەوە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە بەدوای یەکدا بڵاودەکرێنەوە."
تائێستا نزیکەی 140 هەزار کەس ئاوارە بوون، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەنێو گەڕەکەکان ماونەتەوە.
حکومەتی سووریا دەڵێت، "هەسەدە گەڕەکەکانی کردووەتە سەربازگە بۆ هێرشکردنە سەر سوپا و خەڵک وەک قەڵخان بەکاردەهێنێت." بانگەشەی ئەوەش دەکات، 7 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی تەقەی هەسەدەوە کوژراون.
لایەنی کوردی دەڵێن، سوپای سووریا بە تانک و تۆپ گەڕەکەکان دەکاتە ئامانج. بەپێی ئاسایشی نێوخۆیی حەلەب، 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 58 برینداریش هەن (سەرچاوە پزیشکییەکان باس لە 20 گیان لەدەستدان دەکەن).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ