میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: شێخ مەقسوود کۆنترۆڵ نەکراوە و پێکدادان بەردەوامە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەڕەکی شێخ مەقسوودیان لە شاری حەلەب بە تەواوەتی کۆتایی پێهێناوە و سەربازەکانیان بڵاوەپێکردووە. هاوکات میدیای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، پێکدادان بەردەوامە.

سوپای عەرەبیی سووریا داوای لە دانیشتووانی مەدەنیی گەڕەکەکە کردووە، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەچنە دەرەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی وەکو خۆیان دەڵێن، "ئەندامانی هەسەدە و پەکەکە لەنێو خەڵکی سڤیلدا خۆیان حەشارداوە."

سەرچاوەیەک لەنێو نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر لە شێخ مەقسوود بە رووداوی راگەیاند، "سوپای عەرەبیی سووریا گەیشتوونەتە نێو نەخۆشخانەکە و گرتوویانە."

هەروەها سوپای عەرەبیی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، هاووڵاتییان دەتوانن بۆ هەر بارێکی لەناکاو یان پێدانی زانیاری لەسەر شوێنی شەڕڤانەکان، پەیوەندی بەو هێزە سەربازییانەوە بکەن، کە لەناو شەقامەکانی گەڕەکەکەدا بڵاوەیان پێکراوە.

هاوکات میدیای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت، "گەڕەکی شێخ مەقسوود کۆنترۆڵ نەکراوە و پێکدادان بەردەوامە." ئاماژەی بەوەش کرد، "چەکدارەکان نەخۆشخانەی شێخ مەقسوود بە سەختی بۆردوومان دەکەن."

ئەم هەڵکشانە سەربازییە دوای ئەوە دێت، لە 6ی کانوونی دووەمی 2026 پێکدادانی سەخت لەنێوان سوپای عەرەبیی سووریا و شەڕڤانانی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەستیپێکرد. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، شەڕ بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 21 مەدەنی و ئاوارەبوونی زیاتر لە 140,000 کەسی دیکە.

رۆژنامەڤانێکی نێو شێخ مەقسوودیش بەناوی (هۆزان) بە رووداوی راگەیاند، 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 بریندار هەن.

گرژییەکان دوای ئەوە سەریانهەڵدا کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی "رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو حکومەت"دا تووشی بنبەست بوون؛ ئەو رێککەوتنەی کە لە مانگی ئاداری 2025 واژۆ کرابوو. حکومەتی نوێی سووریا کە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، سوورە لەسەر ئەوەی تەنیا یەک هێزی چەکدار لە وڵاتدا هەبێت.

لە چەند روژی رابردوودا، سوپای سووریا چەندین مۆڵەتی بۆ کشانەوەی شەڕڤانان راگەیاند، بەڵام لایەنی کوردی جەختی لەسەر مانەوە و بەرگریکردن لە گەڕەکەکانی کردەوە، ئەمەش وایکرد سوپای عەرەبیی سووریا ناوچەکە وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" بناسێنێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێبکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوپای عەرەبیی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود. وێنە: AA

تەندروستیی حەلەب: 23 کەسی سڤیل کوژراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب، ئاماری کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 23 کەس کوژراون و 104 کەسی دیکەش برینداربوون.