رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئاسایشی شێخ مەقسوودی حەلەب دەڵێت، بۆئەوەی نەکەونە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، ژمارەیەک شەرڤان خۆیان تەقاندووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، شەڕ بەردەوامە و لە بەرامبەر گرووپە چەکدارەکاندا بەرگری دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 10-01-2026 ئەندامێکی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب بەناوی (زیلان) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هیڤیدار زانا پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''بەرگری لە گەڕەکەکە دەکەین، بۆئەوەی نەڕووخێت و نەکەوێتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا.''
بە گوتەی زیلان، تاوەکو ئێستا شەڕ و هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر گەڕەکەکە بەردەوامە و ''نەخۆشخانەش تۆپباران دەکەن، کە خەڵکی سڤیل و منداڵی تێدان.''
ئەو ئەندامەی ئاسایشی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی زۆر بریندار هەن، کە زۆربەیان سڤیلن و پێکهاتوون لە ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتە.
''بۆ ئەوەی نەکەونە دەستیان خۆیان تەقاندەوە''
زیلان باسی لە کۆمەڵێک چالاکیی ئاسایشی ناوخۆ کرد و گوتی، لەلایەن پێنج شەرڤانی سەر بە ئاسایشی ناوخۆ بە ناوەکانی ''هەوار، دڵبرین، فراشین، دەنیز و رۆژبین'' چالاکیی خۆتاقاندنەوە کراوە ''بۆ ئەوەی نەکەونە دەست ئەوان (سوپای عەرەبیی سووریا)، خۆیان تەقاندووەتەوە.''
ئاژانسی فەرمی سووریا (سانا) لەسەر زاری سەرچاوەیەکی سەربازی بڵاوی کردەوە، کە یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر لە شێخ مەقسوود خۆی بە هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا تەقاندووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێک بە سوپاکە نەگەیشتووە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاندبوو شێخ مەقسوود کۆنترۆڵ کراوە. ئەو ئەندامەی ئاسایشی ناوخۆ رەتیدەکاتەوە گەڕەکەکە کۆنترۆڵ کرابێ و دەڵێت، ''هەڤاڵانمان لە شێخ مەقسووددان، بەرگری دەکەن و ورەیان بەرزە.''
لە رۆژی سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمەوە هێرشێکی قورس لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدان کە وڵاتانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا، ئوردن و کەنەدا داوای راگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 دەکەن، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵام بنبەستی سیاسی وایکردووە جارێکی دیکە "رێگەی شەڕ" لە حەلەب بێتەوە پێشەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ