تۆم باراک: نیگەرانین لە دۆخی حەلەب؛ دەبێت رێککەوتنی حکومەت و هەسەدە جێبەجێ بکرێت

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، ئەمڕۆ چووەتە دیمەشق و لەگەڵ سەرۆککۆمار و بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا کۆبووەتەوە و پەیامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای پێگەیاندوون.
 
ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی هەینی تۆڕی میدیایی رووداو بابەتی گرژییەکانی حەلەبی گەیاندە ژووری کۆبوونەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی. 
 
باراک دەڵێت، "رووداوەکانی حەلەب جێگەی نیگەرانییەکی قووڵن" و داوا دەکات رێککەوتنی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا جێبەجێ بکرێت.
 
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تۆم باراک نووسیویەتی: "ئەمڕۆ (شەممە) بە نوێنەرایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا؛ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و تیمەکەیان کۆبوومەوە بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی حەلەب و قۆناخی راگوزەری مێژوویی سووریا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی ئەمریکا دۆخی ئێستا بە "هەلێکی چارەنووسساز بۆ سووریای نوێ" دەبینێت؛ سووریایەک کە وڵاتێکی یەکگرتوو بێت و هەموو پێکهاتەکان لەنێویاندا عەرەب، کورد، درووز، کریستیان، عەلەوی، تورکمان، ئاشووری و ئەوانی دیکە بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بەشداری کارایان لە بەڕێوەبردنی وڵات و دامەزراوە ئەمنییەکاندا هەبێت."
 
تۆم باراک دەڵێت، بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە بە سووریا بدات، ترەمپ رازی بووە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت.
 
ئەم سەردانەی نێردەی ئەمریکا بۆ دیمەشق دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، پرسیاری لە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، کرد کە چ هەڵوێستێکیان هەیە بەرامبەر بە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان و چ هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئاشتی دەدەن. 
 
لە وەڵامی رووداودا، ترەمپ هیوای خواست ئاشتی لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا بێتەدی و گوتی: "دەمەوێت ئاشتی هەبێت. نێوانمان لەگەڵ کورد و حکومەتی سووریا زۆر باشە. ئەوان ساڵانێکی زۆرە دووژمنی سرووشتیی یەکدین، بەڵام ئێمە نێوانمان لەگەڵ هەردوولا زۆر باشە."
 
ترەمپ هەروەها بە رووداوی گوت، "دەمانەوێت سووریا سەرکەوتوو بێت. تاوەکو ئێستاش پێموایە ئەوان سەرکەوتوون، بەڵام [شەڕەکە] تازە سەریهەڵداوە و دەمانەوێت بوەستێت."
 
کەمترلە 24 کاژێر دوای ئەم پرسیارەی رووداو لە دۆناڵد ترەمپ لەبارەی شەڕەکەی حەلەب، ترەمپ نێردە تایبەتەکەی خۆی ناردە دیمەشق لەسەر ئەو پرسە.

 

 
 
پشتیوانی بۆ هەسەدە 
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتەکەی پێشوازی لە قۆناخی راگوزەری سووریا دەکات و پشتیوانیی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەکات. هاوکات دەڵێت: "ئەمریکا لەمێژە پشتیوانی لە هەوڵەکانی تێکشکاندنی داعش دەکات، بەتایبەتی لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی پێداگریی پۆڵایین و هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە قوربانییەکانیان رۆڵی سەرەکی هەبووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەردەوام لە دژی تیرۆر."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی راگوزەری سووریا پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 لەگەڵ هەسەدە دووپاتکردووەتەوە، کە چوارچێوەیەک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە دامەزراوە نیشتمانییەکان دادەنێت، بە شێوەیەک "مافەکانی کورد بپارێزێت و یەکڕیزی و سەروەریی سووریا بەهێز بکات."
 
نیگەرانی لە دۆخی حەلەب و ئامادەیی بۆ نێوەندگیری
 
تۆم باراک لەبارەی گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی حەلەب دەڵێت: "ئەو پەرەسەندنە نوێیانەی حەلەب کە وا دەردەکەوێت دژی مەرجەکانی ئەو رێککەوتنە بن، جێگەی نیگەرانییەکی قووڵن."
 
ئەمریکا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دان بەخۆیاندا بگرن، دەستبەجێ شەڕ رابگرن و بگەڕێنەوە بۆ دانوستاندن بەگوێرەی رێککەوتنەکانی 10ی ئادار و 1ی نیسانی 2025 لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە.
 
تۆم باراک هۆشداری دەدات کە تووندوتیژییەکان دەستکەوتەکانی دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد دەخاتە مەترسییەوە و رێگە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی خۆش دەکات.
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە تیمی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئامادەن کارئاسانی بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بکەن بۆ پێشخستنی پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەکە، بە ئامانجی گەیشتن بە "یەک سوپای نیشتمانیی رەوا" لە "سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەریدا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە حەلەب

دیمەشق دەڵێت ئەنقەرە پشتیوانیی لە "کۆنترۆڵکردنی تەواوی" خاکی سووریا دەکات

وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کردووە و دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبیان تاوتوێکردووە.