نوێنەرێکی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق: مەترسیی پاکتاوی نەتەوەیی لە حەلەب هەیە

دوێنێ کاژێر 11:51
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
  
رووداو دیجیتاڵ

موراد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە بەغدا، هۆشداریی تووند لەبارەی بارودۆخی هاووڵاتییانی سڤیل لە حەلەب دەدات و رایدەگەیێنێت، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەژێر مەترسیی راستەقینەی "پاکتاوی نەتەوەییدان".
 
مەترسیی پاکتاوی نەتەوەیی
 
موراد ئیسماعیل، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو نیگەرانیی قووڵی خۆی بۆ سەلامەتیی خەڵکی سڤیل دەربڕی و گوتی: "سەدان خێزانی ئێزدی و دەیان هەزار خێزانی کورد و کەمینەکانی دیکە رووبەڕووی مەترسییەکی جیدیی پاکتاوی نەتەوەیی بوونەتەوە." 
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوەی ئێستا لە حەلەب دەگوزەرێت، هەوڵێکە بۆ بونیادنانی "دیکتاتۆرییەتێکی نوێ کە رەگی لە توندڕەویی ئیسلامیدایە و هەڕەشەی جیدی لەسەر مانەوەی پێکهاتەکان دروست دەکات".
 
ناوبراو رەخنەی لە رەفتارەکانی حکومەتی سووریا گرت و رایگەیاند، هێزەکانی ئەو وڵاتە کە ژمارەیەکی زۆر توندڕەوی بیانی و ناوخۆییان تێدایە، بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک کار دەکەن و دەیانەوێت شێوازی حوکمڕانیی خۆیان بەسەر تەواوی سووریادا بسەپێنن.
 
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ تیمی نێردەی ئەمریکا
 
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پاراستنی ئێزدییەکان، موراد ئیسماعیل ئاشکرای کرد کە راستەوخۆ لەگەڵ تیمی نێردەی تایبەتی ئەمریکا قسەی کردووە و دوو پزیشکی ئێزدی ناوچەکەشی پێ ناساندوون بۆ ئەوەی زانیاریی ورد و ڕاستەوخۆ لەسەر دۆخی مەیدانی بگەیێنن.
 
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لە گرنگیی "دەستێوەردانی پێشوەختە" کردەوە و گوتی: "ئێمە بە چالاکانە کار دەکەین بۆ ئەوەی گەلەکەمان بە لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە ببەستینەوە، تاوەکو دڵنیابین کە ئێزدییەکان ڕووبەڕووی گەڕێکی دیکەی تاوانی بەکۆمەڵ نابنەوە." هۆشداریشی دا کە مێژوو سەلماندوویەتی هەر دواکەوتنێک لە وەڵامدانەوەدا، دەبێتە هۆی کارەساتی گەورە هاوشێوەی ئەوەی لەسەردەمی داعشدا روویدا.
 
داواکاری بۆ حوکمڕانییەکی گشتگیر و پشتیوانیی نێودەوڵەتی
 
موراد ئیسماعیل پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە ناکۆکەکان کرد و داوای لێکردن پەنا بۆ دیالۆگ بەرن نەک توندوتیژی. رایگەیاند کە "سووریا بە شێوەیەکی کاریگەر تەنیا لەلایەن بەشێکی بچووک لە زۆرینە بەڕێوە ناچێت" و پێویستە سیستەمێکی حوکمڕانیی گشتگیر بێتە ئاراوە کە کەرامەت و مافی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بکات.
 
لە کۆتاییدا، داوای لە هێزە کاریگەرەکانی ناو سووریا و بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، پشتیوانی لە دروستکردنی پێکهاتەیەکی حوکمڕانیی گشتگیر بکەن، چونکە هەر بژاردەیەکی تر تەنیا دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی ناسەقامگیری و درێژە کێشانی نەهامەتییەکانی گەلی سووریا.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا و ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەستیان بە شەڕکردن کرد و هەردوولاش یەکدی بە تەقاندنی یەکەم فیشەک تۆمەتبار دەکەن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە