رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئوردن رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان شان بەشانی ئەوانی ئەمریکا هێرشێکی "بەرفراوان"یان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لە نێو خاکی سووریا. ئەمریکاش دەڵێت، هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ کوژرانی سێ ئەمریکی لە مانگی رابردوو لە تەدمور.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، رۆژی شەممە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان "هێرشی بەرفراوان"یان کردووەتە سەر داعش، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چاوی هەڵۆ" چەندین ئامانجیان لە سەرانسەری سووریا پێکاوە.
سوپای ئوردن رۆژی یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا بەشداریی خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "ژمارەیەک ئامانجمان لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە نێو خاکی سووریا بۆردوومان کردووە."
هێرشەکان وەکو وەڵامێک بوو بۆ هێرشەکەی 13ی کانوونی یەکەم لە تەدمور، کە تێیدا بەهۆی تەقەی چەکدارێکەوە دوو سەرباز و وەرگێڕێکی سڤیلی ئەمریکی کوژران. دواتر وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاشکرای کرد چەکدارەکە ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بووە.
سێنتکۆم وردەکاریی شوێنی هێرشەکانی نەخستووەتەڕوو، بەڵام لەگەڵ راگەیێندراوەکەدا ڤیدیۆیەکی ئاسمانی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەندین تەقینەوە لە ناوچەی گوندنشین و چۆڵەوانیدا دەردەکەون.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "هەرگیز لەبیرناکەین و هەرگیز سارد نابینەوە."
ئەمە دووەم جارە ئوردن و ئەمریکا دوای هێرشەکەی تەدمور ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکەن. مانگی رابردوو سێنتکۆم رایگەیاند لە بۆردوومانێکدا "زیاتر لە 70 ئامانج"ـیان پێیکاوە و بەپێی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێنج چەکداری داعش لەو هێرشانەدا کوژران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە هەمیشە گومانی لە مانەوەی هێزەکانی واشنتن لە سووریا هەبووە، لە نیسانی رابردوو بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بۆ نیوە دەرکرد. تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریاش مانگی حوزەیران گوتی واشنتن دواجار تەنیا یەک بنکەی لەو وڵاتەدا دەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ