رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی عەلەوی رایگەیاند، هەرچەندە دۆخی شاری لازقییە ئارام بووەتەوە، بەڵام رەوشی گوندەکان باش نییە و چەکدارەکان ئاگر لە گوندەکان بەردەدەن. دەشڵێت، بە بەڵگەوە 1700 سڤیلی عەلەوی لە ئاڵۆزیییەکانی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کوژراون.
حازم مستەفا، چالاکڤانی عەلەوی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند لەنێو شاری لازقیە دا بارودۆخ ئارامە، بەڵام لە گوندەکانی هێشتا ئاڵۆزی هەیە، بەتایبەتی لە گوندەکانی قەرداحە.
حازم مستەفا گوتی "لە گوندەکانی بانیاس و تەرتووس هەندێک گرووپی چەکدار ماڵی خەڵک دەسووتێنن." سەبارەت بەو گرووپانەی ئەم کارانە دەکەن، حازم مستەفا دەڵێت "ئەو گرووپانە لە ناوچە جیاوازەکانی حەلەب، ئیدلیب، رەققە و دێرەزوورەوە هاتوون، ئەو گرووپانە لەژێر ناوی فیرقەی 95 دان، کە لە عەمشات و حەمزات پێکهاتوون."
لە رۆژی 6ـی ئەم مانگەوە، شەڕ ناوچە کەناراوییەکانی سووریا، لەوانە لازقییە، تەرتووس، بانیاس و جەبلەی گرتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزێکی ئاسایشی گشتیی سووریا کەوتە نێو بۆسەی چەکدارانی لایەنگری رژێمی پێشووی سووریا.
هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی بەرگریی سووریا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ سەر ئەو ناوچانە کرد، شەڕەکە بە خوێناویترین شەڕی ناوخۆی سووریا دادەنرێت لە 14 ساڵی رابردوودا. هێزەکانی حکومەت بە کۆمەڵکوژی تۆمەتبار دەکرێن.
ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی قوربانیان بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئەو چالاکڤانە عەلەوییە دەڵێت، "ناوی 1700 کوژراوی مەدەنی بەڵگەکراوە، ژمارەکە زیاترە و لەسەر بەڵگەکردنی ناوەکان بەردەوامین."
سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاریش، حازم مستەفا گوتی "پێنج رۆژە، ئاو و کارەبامان نییە، نانیش زۆر کەم بووە."
رۆژی 10-03-2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکی 8 خاڵیان واژۆ کرد، بەگوێرەی ناوەڕۆکەکەی، هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێت و هەردوولا رووبەڕووی لایەنگرانی ئەسەد دەبنەوە.
حازم مستەفا لەبارەی رێککەوتنەکەی دیمەشق گوتی، "خەڵکی لازقیە بە رێککەوتنەکە خۆشحاڵن، ئەو رێککەوتنە دەبێتە سەرەتایەکی خێر بۆ هەموو سوورییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ