هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب: دۆخی خەڵکمان زۆر خراپە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب
نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب دەڵێت، ژیان لەو ناوچانە بەرەو وەستان دەچێت و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات ئەو گەڕەکانە بە تەنیا جێنەهێڵن.
 
لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی (نووڕۆژ)ی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، نووری شێخۆ گوتی، لە 24ی ئەیلوولەوە گەمارۆیەکی تووند لەسەر هەردوو گەڕەکەکەیە و رێگە سەرەکییەکان گیراون.
 
نووری شێخۆ گوتیشی، بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە سەتان منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون، چونکە قوتابخانەکان ناتوانن سیستمی گەرمکردنەوە بەگەڕبخەن و قوتابیان لەم زستانەدا رووبەڕووی سەرمایەکی زۆر بوونەتەوە.
 
ئەم دۆخە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تەنیا نەخۆشخانەی ئەو گەڕەکانەش دروست کردووە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کەوتوونەتە مەترسییەوە.
 
شێخۆ باسی لە دۆخی فڕنەکان کرد و گوتی، "لە ناوچەکەدا 11 فڕن هەن، بەڵام ئارد و سووتەمەنییان لەسەر بڕدراوە. ئێمە بە زەحمەتێکی زۆر گەورە نان دابین دەکەین."
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی کارەبا باش نییە و رۆژانە تەنیا 3 کاژێر کارەبای موەلیدە و 2 کاژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێ؛ هەروەها، تۆڕی تەلەفۆنی ماڵانیش دوو رۆژە لەکار کەوتووە.
 
نووری شێخۆ ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارێزگای حەلەب قەت نەپچڕاون و دیدارەکان بەردەوامن؛ گوتیشی، وێڕای ئەوەی بەڵێنی چارەسەر دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و رایگەیاند: "یان کەمتەرخەمییەکی گەورە لەلایەن حکومەتی سووریاوە هەیە یان ئامانجی سیاسی لە پشت ئەمەوەیە. بەڵام خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەرگری دەکەن."
 
شێخۆ وەبیری هێنایەوە کە 14 خاڵی رێککەوتنی 1ی نیسان هەن کە تەواوکەری یەکدیین و ئاماژەی بەوەشکرد، ستراتیژیی ئەنجوومەنەکەش لەسەر بنەمای دیالۆگ و دانوستاندن بنیاد نراوە.
 
لە کۆتاییدا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنەکە هۆشداری دا کە ئەم گەمارۆیە ئەنجامی خراپی دەبێت و گوتی: "ئێمە بانگەواز لە حکومەتی سووریا و رای گشتی دەکەین، بە تایبەتی بانگەواز لە رای گشتیی کورد لە باشوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات، باکوور و کوردانی ئەورووپا دەکەین کە ئەم گەڕەکانە تەنیا جێنەهێڵن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە