رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق یەکدییان بە زیادکردنی گرژییەکان لە ناوچەی دێر حافری حەلەب تۆمەتبار کرد.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان لە رێگەی کەناڵە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستپێشخەرییەکیان بۆ رێگری لە شەڕی زیاتر خستووەتەڕوو، بەڵام حکومەتی سووریا وەڵامی نەداوەتەوە.
ئیلهام ئەحمەد گوتی: "دوای هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئێمە و حکومەتدا نەبووە." ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی دیمەشق "دەرگایان بەڕووی هەموو دەستپێشخەرییەکانی چارەسەردا داخستووە" و لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی تورکیاش ئاماژەن بۆ تێوەگلانیان لە هێرشەکاندا.
بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێدوانە ئەرێنییەکانی کۆنگرێسمان و بەرپرسانی ئەمریکای بە "باش" وەسفکرد، بەڵام گوتیشی کە قسە بە تەنیا بەس نییە. جەختیشی لە پێویستیی هەبوونی گەرەنتی کردەوە بۆ پاراستنی خەڵکی ناوچەکە، ژیان و مافەکانیان لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، هەسەدە رایگەیاند هێرشی نوێ کراوەتە سەر گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب. لە راگەیێندراوێکدا هەسەدە دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق درۆنی بۆمبڕێژکراویان بەکارهێناوە بۆ بۆردوومانکردنی گوندی حاجی حوسێن لە نزیک بەنداوی تیشرین، لەگەڵ گردی سیریا تێل و گوندی قشڵە.
لەلایەکی دیکەوە عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب لە راگەیێندراوێکدا هەسەدەی بە "کردەوەی تاوانکاری"لە دژی خەڵکی سڤیل تۆمەتبار کرد. عەزام غەریب هەسەدە تۆمەتبار دەکات بە تۆقاندنی دانیشتووان و بەکارهێنانی توندوتیژی و رێگری لە بەکارهێنانی رێڕۆی ئارام بۆ دەرچوون لە دێر حافر.
عەزام غەریب گوتی: "چەکدارانی هەسەدە تەقەیان بە ئاسمان و دەوروبەری خەڵکی سڤیل کردووە لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ رێگریکردن لە دەرچوونیان." ئەم کارەشی بە "پێشێلکاریی ئاشکرای هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان" ناو برد، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە پاراستنی سڤیلەکان و مسۆگەرکردنی ئازادیی هاتووچۆ.
پارێزگارەکە هەسەدەی بە بەرپرسیاری "تەواوی پێشێلکارییەکان" دانا و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ کرد بەپەلە کاربکەن بۆ وەستاندنی ئەو کردەوانە و مسۆگەرکردنی دەرچوونی ئارامی سڤیلەکان بێ "هەڕەشە و گوشار".
ئەم تۆمەت گۆڕینەوەیە ئاماژەن بۆ بەردەوامیی گرژییەکان دوای پێکدادانەکانی سەرەتای ئەم مانگە لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب. تووندوتیژییەکان کە بوونە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 150 هەزار کەس و کوژرانی دەیان کەس، دەرهاویشتەی پەککەوتنی رێککەوتنی ئاداری 2025 بوو بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای ناوەندیی سووریا.
لە چوارچێوەی هەوڵە نێوەندگیرییەکانی ئەمریکادا، دوایین شەڕڤانانی هەسەدە لە 11ـی کانوونی دووەم لە حەلەب کشانەوە و بە پاس بەرەو ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوێزرانەوە. هەرچەندە ئاگربەست راگەیەندرا، بەڵام شەڕی پچڕپچڕ لەسەر هێڵەکانی بەرکەوتن بەردەوامە، لەوانەش نزیک دێر حافر، بەنداوی تیشرین و منبج.
سوپای عەرەبیی سووریا داوای لە هەسەدە کردووە لە دێر حافر و ناوچەکانی دەوروبەری کە دەکەونە سەر کەناری رۆژئاوای رووباری فوڕات، بکشێنەوە، بە بیانووی ئەوەی لەوێوە شاری حەلەبیان تۆپباران کردووە. هەسەدە تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.
حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هەسەدە وەک قەوارەیەکی جوداخواز دەبینێت، لەکاتێکدا هێزە زۆرینە کوردییەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەبارەی سەلامەتیی پێکهاتەکان لەژێر دەسەڵاتی حکموەتی نوێ و دیمەشق تۆمەتبار دەکات بەوەی پابەندی بەڵێنەکانی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکان نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ