رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و باکورى ئەفریقا رایگەیاند، بەهۆى ئاڵۆزییەکانى حەلەبەوە لە سووریا 23 کەس کوژران و 119 هەزار کەس ئاوارە بوون و هێزەکانى سەر بە حکومەتى سووریا نزیکەى 300 کەسیان دەستگیرکردووە.
ئەحمەد شەمسی، گوتەبێژى رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و باکورى ئەفریقا لە بەشداری لە بووڵتەنی 17:00ى رووداو رایگەیاند: بەگوێرەى ئەو ئامارانەى تاوەکو 14ى کانوونى دووەم دەستیان کەوتووە بەهۆى پێکدادانەکانى شارى حەلەبی سووریا 23 کەس کوژران و 119 هەزار کەسی دیکە ئاوارە بوون، بەڵام روون نییە چەند لەو کەسانەى کوژراون هاووڵاتى سڤیل بوون.
ئەحمە شەمسی رایگەیاند، ئەو زانیارییانەیان لە رێگەى وەزارەتى تەندروستیى سووریا و بەدواداچوونکارى کاروباری ئاوارەکان دەستیان کەوتووە، گوتیشى:" بە راورد بە رووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا، پێشێلکاریەکان سنوردارتر بوون کە ئەگەر هەیە ئەوە بەهۆى ئەستەمى گەیشتن بێت بەو ناوچانەى کە ئاڵۆزى تیایدا روویداوە.
6 بۆ 11ى کانوونى دووەمى 2026 ، پێێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارەکانى سەر بە سوپاى عەرەبی سووریا و هێزەکانى ئاسایشى سەر بە بەڕێوەبەرێتى خۆسەر لە هەردوو گەڕەکى ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب روویدا کە زۆرینەى دانیشتوانەکەى کوردن.
گوتەبێژى رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و باکورى ئەفریقا رایگەیاند: هێرشی هەڕەمەکی لەو رووبەڕووبوونەوانەدا روویانداوە، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەیەک بەپاساوی ئەوەی سەربازگەی هێزە کوردییەکان بووە.
ئەحمەد شەمسی گوتى: "هێزەکانی حکومەت 300 کەسیان دەستگیر کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەموویان چەکدارن، بەڵام هێزە کوردییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکیان هاووڵاتیی سڤیلن، ئەگەر هاووڵاتیی سڤیل دەستگیر کرابن، ئەوە جێگەی نیگەرانییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ