رێکخراوێک: لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە 45 کەس کوژراون و 526 کەسیش بێسەروشوێنن

16-01-2026
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمەڵەی "تەئازور" بۆ قوربانییان لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب رایگەیاند. سەدان کەس بێسەروشوێنن و دەیانی دیکە کوژراون.
 
بەپێی راپۆرتەکەی کۆمەڵەی "تەئازور" (Hevdestî) کە پشتی بە بەڵگەنامە و گرتەی ڤیدیۆیی بەستووە، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەدا لەلایەن سوپای سووریاوە، زنجیرەیەک پێشێلکاریی جەستەیی، دەروونی و تاوان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل کراون.
 
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، لە یەکێک لە دیمەنە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە تەرمی شەڕڤانێکی ژن لەسەر باڵەخانەیەکەوە فڕێدەدرێتە خوارەوە و هاوکات دروشمی دژ بە کورد دەگوترێتەوە.
 
بەگوێرەی رێکخراوەکە لە شەڕەکەدا، زیاتر لە 45 کەس کوژراون (ژن و منداڵیان تێدایە)و زیاتر لە 120 کەس بریندار بوون. هەروەها 526 کەس بێسەروشوێنن یان رفێندراون (29ـیان ژنن و چارەنووسیان نادیارە).
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی راپۆرتەکە، هێرش و بۆردوومانەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 160 هەزار کەس لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە بەرەو عەفرین و گەڕەکەکانی دیکەی حەلەب؛ هەروەها نزیکەی 292 خێزان کە دەکاتە زیاتر لە هەزار کەس، لە دۆخێکی مرۆیی سەختدا بەرەو ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) کۆچیان کردووە.
 
کۆمەڵەی "تەئازور" جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو کردەوانە "پێشێلکاریی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانن" و داوای راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک دژی خەڵکی سڤیل دەکات، هەروەها داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف دەکات، لە هەمانکاتدا داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان دەکات. جگە لەوەش داوا دەکات رێگری لە گۆڕینی دیمۆگرافی  بکرێت و رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بدرێت.
 
کۆمەڵەی تەئازور (Hevdestî) لە ساڵی 2021 دامەزراوە و ئەندامە لە گرووپی سەرچاوەیی مافەکانی مرۆڤ (HRRG)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و تۆڕی نێودەوڵەتیی قوربانییان (INOVAS).

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە