رووداو دیجیتاڵ
لیندزی گراهام، سێناتۆری کۆماریی ئەمریکی، رۆژی شەممە هۆشدارییەکی تووندی دایە حکومەتی راگوزەری سووریا و هەڕەشەی کرد ئەگەر دیمەشق هێرشی سەربازی بکاتە سەر کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوا هەوڵ دەدات سزای قەیسەر جارێکی دیکە و تووندتر لە رابردوو بەسەر سووریادا بسەپێنرێتەوە.
گراهام لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "ئەگەر هێزی سەربازی لەلایەن حکومەتی نوێی سووریاوە لە دژی کوردانی سووریا و هەسەدە بەکار بهێنرێت، ناسەقامگیرییەکی گەورە لە سووریا و ناوچەکەدا دروست دەکات و هەموو شتێکم پێدەڵێت کە پێویستە لەبارەی ئەم رژێمە نوێیەوە بیزانم."
دەشڵێت: "ئەگەر هەنگاوی سەربازی لەلایەن حکومەتی سووریاوە بگیرێتەبەر، ئەوەی لە توانامدابێت دەیکەم بۆ زیندووکردنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر، بە شێوەیەک کە تەنانەت تووندتریش بن."
یاسای پاراستنی سڤیلی قەیسەر لە سووریا، کە لە ساڵی 2019 لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە پەسند کرا، سزای ئابووریی بەرفراوانی لەسەر دەسەڵاتی پێشووی ئەسەد دانا، ئەوەش بەهۆی پێشێلکارییەکانی حکومەتەکەی لە دژی مافەکانی مرۆڤ. زۆربەی ئەو سزایانە دوای کەوتنی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەمی 2024 و دروستبوونی حکومەتی راگوزەر، کەمکران یان هەڵگیران.
لێدوانەکەی گراهام دوای چەند هەفتەیەک دێت لە زیادبوونی گرژیی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هەسەدە.
هەسەدە کە لە لایەن کوردەوە سەرکردایەتی دەکرێت، هاوبەشیی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بوو لە شەڕی دژی داعش.
لە سەرەتای کانوونی دووەمدا پێکدادان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب روویدا، کە تێیدا هێزەکانی حکومەت هەسەدەیان تۆمەتبار کردبوو بە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنێکی مانگی ئاداری 2025 بۆ یەکگرتنی هێزەکان. دوای رۆژانێک لە شەڕی سەخت، تۆپباران و ئاوارەبوونی خەڵکی سڤیل، هەسەدە لەژێر ئاگربەستێکدا لە حەلەب کشایەوە و شەڕڤانانیشی تا رۆژی 11ی کانوونی دووەم بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوێزرانەوە.
زیاتر لە 150 هەزار کەس لە ماوەی تووندوتیژییەکانی حەلەبدا ئاوارە بوون و وەزارەتی تەندروستیی سووریا رایگەیاند، لانیکەم 23 کەس گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەڵگەیان لەسەر پێشێلکارییەکانی هەردوو لا تۆمارکردووە، وەک تۆپبارانکردنی ناوچە سڤیلنشینەکان.
لەو کاتەوە گرژییەکان بەرەو رۆژهەڵاتی حەلەب گوێزراونەتەوە. وێڕای رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بۆ کشانەوەی شەڕڤانان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەبەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات، کە هەردوو لا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن، ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادانی پچڕپچڕ و تەقەی چەکی سووک لە ناوچەکانی وەک دێر حافر، گوندەواری مەنبج، خەفسە و دێرەزوور بەردەوام بوو. سوپای سووریا بەشێک لەم ناوچانەی وەک ناوچەی سەربازیی داخراو راگەیاندووە و هێزی زیاتری جێگیر کردووە.
گراهام، کە پێشتر کوردی وەک بەهێزترین هاوپەیمانی واشنتن لە دژی پاشماوەکانی داعش ناو بردوو، لە پۆستێکی 16ی کانوونی دووەمدا نیگەرانییەکانی دووپاتکردەوە کە حکومەتی نوێ رەنگە لەگەڵ تورکیادا هاوپەیمانیی بکات بۆ هێرشکردنە ناوچە کوردییەکان.
گراهام تیشکی خستەسەر دەستبەسەرکردنی نزیکەی نۆ هەزار دەستگیرکراو و چەکداری داعش لەلایەن هەسەدەوە و هۆشداریی دا کە ئەگەر ئەو کەمپ و زیندانانە لەژێر چاودێریی هەسەدەدا نەمێنن، چەکداران بگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بەکارهێنانی هێزی زیاتر لە دژی هەسەدە وەک بژاردەیەک بۆ دیمەشق دەمێنێتەوە ئەگەر هێزەکە "نیازپاکی" نیشان نەدات.
حکومەتی راگوزەر هەنگاوەکانی خۆی وەک هەوڵێک بۆ یەکخستنی سووریا لەژێر دەسەڵاتی ناوەندیدا پێناسە کردووە و داواکارییەکانی کوردی بۆ خۆبەڕێوەبەری و سیستمی ناناوەندی رەتکردووەتەوە. سەرکردەکانی کورد و داکۆکیکارانیان هۆشداری دەدەن کە پێشڕەوییەکان دەکرێت ببێتە هۆی بەئامانجکردنی نەتەوەیی لە ناوچە کوردنشینەکانی وەک کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای حەسەکە.
ئەمریکا هێزێکی سەربازیی بچووکی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە هەیە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش و هەروەها لە رێگەی گفتوگۆی دیپلۆماسییەوە نێوەندگیریی کردووە بۆ رێگریکردن لە شەڕی سەرتاسەریی نێوان دیمەشق و هەسەدە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ