رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایدەگەیێنێت، دەنگۆی کەوتنی شارۆچکەی مەنسوور دوورە لە راستییەوە و ئەو ناوچەیە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە.
ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "دوای ئەوەی سوپای عەرەبیی سووریا لە رێگەی هاندانی سێ هۆزی ناوچەکەوە هەوڵی دروستکردنی ئاڵۆزی و پشێوی دا، بەڵام هێزەکانمان دەستبەجێ بڵاوەیان بە ئاڵۆزییەکان کرد و بۆ پاراستنی سەقامگیری و گیانی هاووڵاتییانیش قەدەخەی هاتووچۆ لە شارۆچکەکە راگەیێندراوە."
هەر لە چوارچێوەی ئەم هێرشانەدا سوپای عەرەبیی سووریا بە گولـلەهاوەن ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایشی لە ناو شاری تەبقا تۆپباران کرد کە تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە، هەروەها سەبارەت بە دۆخی فڕۆکەخانەکان جەخت دەکاتەوە کە "فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقا بە هیچ شێوەیەک نەکەوتووە و لەژێر پاراستنی هێزەکانماندایە و تەنیا فڕۆکەخانەی سەربازیی جەدعا کەوتووەتە دەست لایەنی بەرامبەر [سوپای عەرەبیی سووریا]."
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی تۆپبارانێکی دیکەی سوپای سووریا بۆ سەر ناوەندێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە نزیک شارۆچکەی مەنسوور، دوو شەڕڤانمان شەهید بوون و ژمارەیەک شەڕڤانی دیکەش بریندار بوون، ئێمە وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دووپاتی دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان بۆ پاراستنی ناوچەکە و بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت ئاسایشی هاووڵاتیان تێکبدات."
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند: هێزەکانمان چوونە ناو هەردوو شارۆچکەی هونەیدە و سەفسافە و هەردوو گوندی ئەبو عاسی و ئەلجەبەلی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوی شاری مەنسوورەیان کۆنترۆڵ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ