بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداریی لە "کارەساتێکی گەورە" دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکرات لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هۆشدارییەکی تووند دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا مەترسیی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانی رەققە دروست دەکات.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرش و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئەو گرووپانە، نەک تەنیا ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخەنە مەترسییەوە، بەڵکو هەڕەشەیەکی جیدین بۆ سەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ناوچەکە پێویستی بە هاوئاهەنگییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
 
مەترسی هەڵاتنی زیندانییانی داعش لە رەققە
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تایبەتی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "بەردەوامیی هێرشەکان و گرژییە سەربازییەکان لە دەوروبەری ناوچەکە، دەبێتە هۆی تێکچوونی باری ئەمنیی زیندانەکە و چالاکبوونەوەی شانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەمەش کارەساتێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە کە نەک تەنیا باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بەڵکو هەموو جیهان دەگرێتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "پاراستنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و کەمپی ئاوارەکان، بەتایبەت زیندانەکانی داعش، بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە و پێویستی بەوەیە دەستبەجێ هەموو جۆرە هێرش و گرژییەک رابگیرێت".
 
داواکارییەک بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات، ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بە کردەیی بێتە سەر خەت بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەر، تاوەکو رێگری بکرێت لە تێکچوونی ئاسایش و لاوازبوونی هەوڵەکانی دژ بە تیرۆر.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پابەندیی خۆی بۆ پاراستنی گەلانی ناوچەکە و بەردەوامبوون لە شەڕی دژ بە تیرۆر دووپات دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەمان بکاتە ئامانج، دەستەوەستان ناوەستین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە