هەسەدە رەتیدەکاتەوە هێزەکانی دیمەشق چووبنە نێو تەبقە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی شەممە ئەو بانگەشانەی سوپای عەرەبیی سووریای رەتکردەوە کە گوایە چوونەتە نێو شاری تەبقە لە باکووری وڵاتەکە. جەختی کردەوە کە شەڕڤانەکانیان لە پێگەکانی خۆیان ماونەتەوە و ناوچە نزیکەکانیان لە هەڕەشەی ئەگەری پاراستووە.
 
هەسەدە رایگەیاند: "هەواڵی چوونەژوورەوەی چەکدارانی سەر بە دیمەشق بۆ نێو شاری تەبقە راست نییە. هێزەکانمان هێشتا لە پێگەکانی خۆیانن و شاری مەنسوورە بە تەواوی لە هەر خانەیەکی تیرۆریستی کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی دابێت، پاککراوەتەوە."
 
رەتکردنەوەکە چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، لەسەر زاری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپاوە، رایگەیاندبوو کە هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دەستیان بە پێشڕەویکردن کردووە بۆ نێو تەبقە کە بە "سەورە"ش ناسراوە، لە چەندین ئاراستەی جیاوازەوە. 
 
سوپای عەرەبیی سووریا هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو کە شەڕڤانانی لەنێو فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقەدا گەمارۆ داوە. سوپا چەند نەخشەیەکی بڵاوکردنەوە و هۆشداریی داوەتە خەڵکی سڤیل کە لە هەندێک شوێن دووربکەونەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە دیوی رۆژئاوای رووباری فورات زیادیان کردووە. 
 
سەرەتای ئەم مانگە دوای شەڕێکی سەخت و خوێناوی، رێککەوتنێک لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشقدا کرا کە شەڕڤانان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە نێوەڕاستی شاری حەلەب بکشێنەوە. بەڵام رێککەوتنەکە نەبووە هۆی وەستانی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب. 
 
دەستپێکردنی گرژییەکان لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هاوکات بوو لەگەڵ پەککەوتنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو بەوانەی حکومەتی راگوزەری سووریا. 
 
وێڕای ئەوەی رۆژی هەینی رێککەوتنی ئاگربەست راگەیێنرا و هەسەدە رایگەیاند کە شەڕڤانانی لە چەند ناوچەیەکی دیوی رۆژئاوای رووباری فورات دەکشێنێتەوە بۆ رۆژهەڵات، ئەمڕۆ شەممە، شەڕ سەریهەڵدایەوە و هەردوو لا یەکدی بە پێشێلکردنی رێککەوتن تۆمەتبار کردن. 
 
سوپای سووریا دێر حافر، مەسکەنە، دەبسی عەفنان و دەیان گوندی دەوروبەری دوای کشانەوەی بەشێکی هەسەدە کۆنترۆڵ کردن. دیمەشق هەنگاوەکانی وەک جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکانی پێشوو بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە رۆژئاوای فورات وەسف کردووە. بەڵام هەسەدە دیمەشق بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکات، لەوانەش لەرێگەی هێرشکردنە سەر هێزە گەڕۆکەکان و مینڕێژکردنی پردەکان.
 
هەسەدە هەروەها دەڵێت، هێزەکانی حکومەت پێش ئەو وادەیەی لەسەری رێککەوتبوون هەوڵی پێشڕەوییان داوە، کە بووەتە هۆی پێکدادان لە شوێنانی وەک دەبسی عەفنان و کێڵگەی نەوتیی سەورە لە باشووری تەبقە، ناوچەگەلێک کە دەڵێت لە دەرەوەی چوارچێوەی کشانەوەکەدان. ڤیدیۆ مەیدانییەکان نیشانیدەدەن کە شەڕی سەخت لەو ناوچانە روویانداوە و هەردوولا یەکدییان بە زیادکردنی گرژییەکان تۆمەتبار کردووە کە تۆپباران، درۆن و تەقەی چەکی سووکی لەخۆگرتووە.
 
تەبقە، کە خاوەن بەنداوێکی ستراتیژی و فڕۆکەخانەیەکی سەربازییە لە کەناری رووباری فورات، وەک خاڵێکی گرژیی سەرەکی ماوەتەوە بەهۆی کۆنترۆڵی سەرچاوە ئاوییەکان و نزیکیی لە کێڵگە نەوتییەکانەوە. قەدەخەی هاتووچۆ لە هەندێک ناوچەی نوێی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت لە پارێزگای رەققەدا راگەیێندراوە، لە کاتێکدا هەسەدە رێوشوێنی ئەمنیی لە ناوچەکانی خۆیدا سەپاندووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوارەبوونی خەڵکی حەلەب. وێنە: AFP

UN بۆ رووداو: هێشتا 58 هەزار کەس لە حەلەب ئاوارەن

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نزیکەی 58 هەزار کەس هێشتا لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی شاری حەلەب ئاوارەن، هەرچەندە نزیکەی 90 هەزار کەسی دیکە گەڕاونەتەوە دوای شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.