هەسەدە بۆ رووداو: دیمەشق رێککەوتنەکانی پێشێل کردووە و هەوڵی ئاژاوەنانەوە دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەبوو عەلی بەرەد، جێگری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و فەرماندەی جەیش ئەلسوار، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، دوایین پێشهاتە مەیدانییەکانی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانیان و هێزەکانی حکومەتی دیمەشقی خستەڕوو. بەرەد رایگەیاند، پێکدادانەکان بەردەوامن و حکومەتی دیمەشق رێککەوتنەکانی پێشێل کردووە و هەوڵی "دروستکردنی ئاژاوە" لە ناوچە عەرەبنشینەکان دەدات.
 
دۆخی مەیدانی لە ناوچەکانی پێکدادان
 
ئەبوو عەلی بەرەد رایگەیاند: "هێشتا پێکدادانەکان لە ناوچەکانی سنووری نێوان پارێزگەی حەلەب و پارێزگەی رەققە، دەوروبەری فڕۆکەخانەی تەبقە، هەندێک ناوچەی گوندەواری رۆژئاوای تەبقە و ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی رەققە بەردەوامن."
 
پێشێلکردنی رێککەوتنەکان
 
جێگری مەزڵووم عەبدی لەبارەی ئەو شارانەی کە لێی کشاونەتەوە گوتی: "پەیامێکی روون لەلایەن جەنەراڵ مەزڵووم عەبدییەوە هەبوو بۆ کشانەوە لە شارەکانی دێر حافر و مەسکەنە تاوەکو سنووری ئیداریی نێوان پارێزگەی حەلەب و رەققە، بەڵام حکومەت پێشێلکاریی کرد و لە رێککەوتنەکە لایدا. حکومەت هەوڵدەدات پێشڕەوی بکات بۆ هەموو ئەو ناوچانەی دەکەونە باشووری رۆژئاوای فورات، ئەمەش پێشێلکردنی رێککەوتنەکەیە."
 
ئەو بەرانەی هێشتا پێکدادانیان تێدایە
 
ئەبوو عەلی بەرەد گوتی: "ئێستا هەندێک ناوچەی رۆژئاوای فورات لە سنووری ئیداریی پارێزگەی رەققەوە پێکدادانیان تێدایە، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ئازایەتییەوە رووبەڕووی ئەم پێکدادانانە بوونەتەوە. پێویستە بزانرێت کە حکومەت هەموو جۆرە چەکێکی قورس، تۆپ، مووشەکهاوێژ و درۆنی 'شاهین'ی بەکارهێناوە."
 
هیچ رێککەوتنێک بۆ کشانەوە لە دێرەزوور و رەققە نییە
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەبوونی رێککەوتن بۆ کشانەوەی هەسەدە لە دێرەزوور و رەققە، ئەبوو عەلی بەرەد بە روونی رایگەیاند، "هەرگیز هیچ رێککەوتنێک" لەنێوان دیمەشق و هەسەدەدا نەبووە سەبارەت بە کشانەوە لە دێرەزوور یان رەققە.
 
"هەوڵی دروستکردنی ئاژاوەنانەوە"
 
جێگری مەزڵووم عەبدی هۆشداریی دا و گوتی: "بابەتێکی زۆر گرنگ هەیە. حکومەت هەوڵی دروستکردنی فیتنە و ئاژاوە دەدات لەنێو شار و پارێزگەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان هۆزی عەرەبین. ئەمە بووە هۆی دروستبوونی ئاژاوە و کاری تێکدەرانە."
 
دەشڵێت، "شانە نووستووەکانی سەر بە رێکخراوی داعش" و سەر بە حکومەت،  "لە شارۆچکەی مەنسوورە جووڵەیان کرد، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل لەسەر دەستی ئەو شانانە."
 
ئەبوو عەلی بەرەد گوتی: "دواتر هێزەکانی هەسەدە دەستوەردانیان کرد بۆ سەپاندنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا و ئێستا ئارامی باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا کێشاوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تانک هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات. وێنە: AFP

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداریی لە "کارەساتێکی گەورە" دەدات

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکرات لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هۆشدارییەکی تووند دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا مەترسیی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانی رەققە دروست دەکات.