رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان بە بەشداریی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، دوو ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان دژی چەکدارانی سەر بە دیمەشق لە دەورووبەری گردی (سیریاتێل) لە ناوچەی بەنداوی تشرین کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا کۆبوونەوەیەکی چەکدارەکان کراوەتە ئامانج کە خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ هێرشکردن، تێیدا تانکێکی سوپای سووریا بە تەواوەتی تێکشکێندراوە."
لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا، لەرێگەی درۆنەوە هێرشێکی ورد کراوەتە سەر "کۆبوونەوەیەکی دیکەی چەکدارەکان و تەقینەوەیەکی گەورەی لە ناو ریزی هێرشکاراندا لێکەوتووەتەوە." هەسەدە دەڵێت، لەو دوو هێرشەدا ژمارەیەک چەکدار کوژراون و بریندار بوون.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، لە گوندی (حاجی حوسێن)ـی سەر بە ناوچەی بەنداوی تشرین، هێرشێکی دیکەیان کردووە و تێیدا پێگەیەکی سەربازی و شوێنی کۆبوونەوەی چەکدارانی دیمەشقیان تێکشکاندووە.
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدان کە لە 06-01-2026ـەوە شەڕی تووند لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزە کوردییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی حەلەب، رەققە و دێرەزوور بەردەوامە. تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەم شەڕانەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە دوای ئەوە هاتن کە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تووشی بنبەست بوو.
هەرچەندە حکومەتی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی شاری تەبقە و بەنداوی فوراتی راگەیاندووە، بەڵام هەسەدە جەخت لەسەر بەردەوامیی بەرگری دەکاتەوە و دیمەشق بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکات.
لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، روژی هەینی فەرمانێکی بۆ داننان بە زمانی کوردی و پێدانی وەڵاتینامە بە کوردانی بێ وەڵاتینامە دەرکرد، بەو هیوایەی گرژییەکان بەرەو هێوربوونەوە بڕۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ